بەریتانیا یەکەم کاروانی پەنابەرانی دیپۆرتی فەرەنسا کردەوە
پەیامنێری کوردستان 24ی لە بەریتانیا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 15ی ئەیلوولی 2025، حکوومەتی بەریتانیا، بە سەرۆکایەتی پارتی کرێکاران، دەستی بە جێبەجێکردنی بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرانە کردووە کە بە شێوەی نایاسایی و لە ڕێگەی بەلەمەوە لە فەرەنساوە گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە. بڕیارە لە لەم هەفتەیە یەکەم کاروانی پەنابەران، کە ژمارەیان نزیکەی 100 کەس دەبێت، دیپۆرتی فەرەنسا بکرێنەوە.
گوتیشی: ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک خۆپیشاندان دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا لە دژی سیاسەتی نوێی حکوومەت سەبارەت بە پەنابەران ئەنجامدران. بەپێی ڕێککەوتنێکی نوێ لەنێوان بەریتانیا و فەرەنسا کە بە "یەک بە یەک" (One-in, one-out) ناسراوە، هەر پەنابەرێکی نایاسایی کە لە بەریتانیاوە دیپۆرت دەکرێتەوە بۆ فەرەنسا، لە بەرانبەردا فەرەنسا ڕێگە بە پەنابەرێکی دیکە دەدات کە بە شێوەیەکی یاسایی و لە ڕێگەی فڕۆکەخانەوە داوای پەنابەری لە بەریتانیا بکات، بەتایبەت ئەو کەسانەی کەسوکاریان لەو وڵاتەیە.
ئاماژەشی دا، پێشتر بڕیار بوو ئەم پرۆسەیە لە کۆتایی ئەم مانگەدا دەست پێبکات، بەڵام فشاری خۆپیشاندانەکان وای کرد حکوومەت زووتر دەست بە جێبەجێکردنی بکات.
هاوکات، حکوومەتی بەریتانیا پلانی هەیە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان، پەنابەران لە هۆتێلەکانەوە بگوازێتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی دیکە وەک پیشەسازی و بارەگای سەربازیی چۆڵکراو. ئەمەش ناڕەزایەتی بەشێک لە هاووڵاتییانی بەریتانی لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 بڕیارە پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەکە لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانی "ئێرفرانس"ەوە ئەنجام بدرێت و کارمەندانی خانەنشینکراوی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکەن.