نەتەوە یەکگرتووەکان: ئیسرائیل جینۆساید دژی خەڵکی غەززە ئەنجام دەدات

لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنن، ئیسرائیل "جینۆساید" لە غەززە ئەنجام دەدات و ئەو وڵاتەش ڕەتیدەکاتەوە.
سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، ناڤی پیلای، سەرۆکی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئاژانسی 'فرانس پرێس'ـی ڕاگەیاند، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری 2023ـەوە بەردەوامە لە ئەنجامدانی "جینۆساید" لە دژی خەڵكی کەرتی غەززە و دەیەوێت "فەڵەستینییەکان" لەنێو ببات.
ناڤی پیلای باسی لەوەش کرد، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆک کۆمار؛ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیران و یۆئاڤ گالانت وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل "هاندەربوون بۆ ئەنجامدانی جینۆساید" و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، نەیانتوانیوە ڕێکاری یاسایی لە دژی ئەوان بگرنەبەر.
لە وەڵامی ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو: "ئیسرائیل بە توندی ئەم ڕاپۆرتە شێواو و درۆیە ڕەتدەکاتەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەم دەستەی لێکۆڵینەوە دەکات."
711 ڕۆژە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەستیپێکردووە، بە مەبەستی لەناوبردنی بزووتنەوەی مقاوەمەی فەڵەستینی (حەماس) و ئازادکردنی بارمتەکان.
بە گوێرەی دوایین ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چەکدارانی قەسسام (باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس) زیاتر لە 81 هەزار هاووڵاتیی سڤیلی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە 150 هەزاری دیکەیان بریندار بوون؛ کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵ بوون.
جیا لەو کەسانەی کوژراون، بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تا ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، 428 کەس بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لە دەست داوە، لەبەر ئەوەی ڕۆژانە بڕێکی زۆر کەمی هاوکارییە مرۆییەکان دەچێتە نێو کەرتی غەززە و ئیسرائیل لە هەموو ڕوویەکەوە گەمارووی بەسەر کەرتەکەدا سەپاندووە.
ئەم شەڕە دوای ئەوە سەریهەڵدا، کاتێک لە ڕۆژی 07ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارانی قەسسام هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانی، دەریایی و وشکانییان کردە سەر چەند کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی ئیسرائیلی لەسەر سنووری غەززە؛ زیاتر لە هەزار و 200 سەرباز و هاووڵاتیی ئیسرائیلییان کوشت و زیاتر لە 250 کەسیشیان بە بارمتە گرت.