بۆ جاری یەکەم دوای هێرشەکەی سەر دەوحە، بەرپرسێکی ئەمەریکی گەیشتە قەتەر

کۆبوونەوەی میری قەتەر (ڕاست) و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا (چەپ) لە دەوحە (وێنە: AFP)
کۆبوونەوەی میری قەتەر (ڕاست) و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا (چەپ) لە دەوحە (وێنە: AFP)

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتە دەوحە و ڕاگرتنی شەڕی غەززە لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر تاوتوێ دەکات. 

دوای سەردانە دوو ڕۆژەکەی بۆ ئیسرائیل؛ بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتە دەوحەی پایتەختی قەتەر.

یەکەم کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر بوو و چاوەڕێ دەکرێت، داوتر لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش کۆببێتەوە. 

ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی رۆبیۆ بۆ دەوحە، وەک ئەوەی میدیاکانی ئەمەریکا باسیان کردووە، هاندانی بەرپرسانی قەتەرە بۆ فشارکردن لە سەرکردایەتیی حەماس بە مەبەستی قبووڵکردنی پێشنیازی واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان. 

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێش بەڕێکەوتنی بەرەو دەوحە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کردبوو و داوای لە بەرپرسانی قەتەر کرد، بەردەوام بن لە ڕۆڵی خۆیان وەک نێوەندگیر لە نێوان بزووتنەوەی مقاوەمەی فەڵەستینی (حەماس) و ئیسرائیل، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست و وەستاندنی شەڕی غەززە. 

رۆبیۆ دووپاتی کردەوە "قەتەر تاکە وڵاتە دەتوانێت نێوەندگیرییەکی ڕاستەقینە لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا بکات و کۆتایی بە جەنگی غەززە بهێنێت." باسی لەوەش کرد "پێویستە حەماس بە پێشنیازی ئاگربەستەکەمان ڕازی بێت، زۆر کاتمان لەبەردەستدا نییە، لەوانەیە چەند ڕۆژێک یان چەند هەفتەیەکی کەممان لەبەردەستدا مابن."

لەبارەی پەیوەندییەکانی واشنتن و دەوحە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی کردەوە "هاوبەشییەکی نزیکمان لەگەڵ قەتەرییەکان هەیە. لە ڕاستیدا، ئێمە ڕێککەوتنێکی هاریکاری بەرگریی بەهێزکراومان هەیە، کاری لەسەر دەکەین و نزیکین لە کۆتاییهێنان پێی."

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2025، لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، لە قەتەر بەڕێوەچوو بۆ سەرکۆنەکردن و تاوتوێکردنی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتیی حەماس لە دەوحەی پایتەختی ئەو وڵاتە. 

قەتەر هێرشەکەی ئیسرائیلی بە "ترسنۆکانە و ناپاکانە" وەسف کرد، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەوە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی نێوەندگیری، شانبەشانی میسر و ویلایەتە یەکگرتووەکان، پاشگەزی ناکاتەوە.

دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاش چەند جارێک ناڕەزایی خۆی لە هێرشەکەی ئیسرائیل دەربڕیوە، بە کارێکی تاکلایەنە وەسفی کرد و دووپاتی کردەوە "لە بەرژەوەندیی ئەمەریکا یان ئیسرائیلدا نییە."

نزیکەی کاتژمێر 03:30 خولەکی دوای نیوەڕۆی سێشەممە، 09ـی ئەیلوولی 2025، ئیسرائیل لە ڕێگەی زیاتر لە 15 فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی مووشەکی کردە سەر کۆبوونەوەیەکی شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەی حەماس لە شوێنی مانەوەیان لە دەوحە. 

کاتژمێرێک دوای هێرشەکە، میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، هەموو سەرکردەکانی حەماس کە لە نێو کۆبوونەوەکەدا بوون، کوژراون، لە نێویاندا خەلیل حەیە، سەرۆکی حەماس لە کەرتی غەززە و سەرۆکی شاندی دانوستانکار؛ خالد مشعەل، بەرپرسی حەماس لە دەرەوە و زاهر جەبارین، بەرپرسی بزووتنەوەکە لە کەرتی ڕۆژئاوا.

بەڵام نزیکەی کاتژمێر 08:00ـی ئێوارە، واتا چوار کاتژمێر دوای هێرشەکە، حەماس ڕزگاربوونی سەرکردەکانی بزووتنەوەکەی لەو هەوڵەی تیرۆرکردن ڕاگەیاند. هاوکات نەیشاردەوە، پێنج کەس لە هێرشە ئاسمانییەکاندا کوژراون، کە یەکێکیان کوڕی خەلیل حەیە بووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment