ئیسرائیل بە فەرمی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی وشکانی بۆ سەر شاری غەززە ڕاگەیاند

ئیسرائیل بە فەرمی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی وشکانی بۆ سەر شاری غەززە ڕاگەیاند و بەرپرسێکی سەربازیش دەڵێت "زیاتر لە سێ هەزار چەکداری حەماس لە شارەکەدا هەن."

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی وشکانی بۆ سەر شاری غەززە، ناوەندی کەرتی غەززە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکان، لەنێوبردنی ژێرخانی سەربازیی چەکدارانی قەسسام (باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینییە). 

سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا کە بە پشتیوانیی فڕۆکە جەنگییەکان ئەنجام دەدرێت، کار بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و لەناوبردنی یەکجارەکی حەماس دەکەن.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، "ئێستا هێزەکانمان چوونەتە نێو قووڵایی شاری غەززە؛ بە گوێرەی زانیارییەکانمان، زیاتر لە سێ هەزار چەکداری قەسسام لەنێو شارکەدا هەن. هاوکات نزیکەی 10 بارمتەی ئیسرائیلی لەنێو تونێلەکانی ئەم شارەدا دەستبەسەرکراون. "

پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان، سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی شاری غەززە کردبوو شارەکە چۆڵبکەن و بەرەوە باشووری کەرتی غەززە بچن. بە گوێرەی ئامارەکانی سوپا، نزیکەی 40%ـی فەڵەستینییەکان تا ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، شوێنەکانیان چۆڵکردووە و ئاوارە بوون.

 

 حه‌ماس: تره‌مپ لایه‌نگری ته‌واو بۆ ئیسرائیل ده‌كات

شەوی ڕابردوو (دووشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2025)، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، زانیاریی پێگەیشتووە، "حەماس بارمتە ئیسرائیلییەکان لەنێو تونێلەکان دەرهێناوە و ئێستا وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریان دەهێنێت، تا ڕێگریی لە پێشڕەویی سوپای ئیسرائیل بکات."

لە بەرانبەردا، بزوتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی سەرۆکی ئەمەریکای دایەوە و گوتی "ئەوەی ترەمپ دەیڵێت، لایەنگریی تەواوە بۆ ئیسرائیل و قسەکانی ڕەتدەکەینەوە." ئاماژەی بەوەش دراوە، هەڵوێستەکانی ئەمەریکا دژ بەیەکن، چونکە گرنگی بە چەند بارمتەیەک دەکەن، لە بەرانبەردا کوژرانی زیاتر لە 62 هەزار کەس لە غەززە لەبەرچاو ناگرن.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان: ئیسرائیل جینۆساید دژی خەڵکی غەززە ئەنجام دەدات
 

سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، ناڤی پیلای، سەرۆکی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئاژانسی 'فرانس پرێس'ـی ڕاگەیاند، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری 2023ـەوە بەردەوامە لە ئەنجامدانی "جینۆساید" لە دژی خەڵكی کەرتی غەززە و دەیەوێت "فەڵەستینییەکان" لەنێو ببات. 

ناڤی پیلای باسی لەوەش کرد، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆک کۆمار؛ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیران و یۆئاڤ گالانت وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل "هاندەربوون بۆ ئەنجامدانی جینۆساید" و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، نەیانتوانیوە ڕێکاری یاسایی لە دژی ئەوان بگرنەبەر. 

لە وەڵامی ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو: "ئیسرائیل بە توندی ئەم ڕاپۆرتە شێواو و درۆیە ڕەتدەکاتەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەم دەستەی لێکۆڵینەوە دەکات."

 

711 ڕۆژە شەڕ بەردەوامە

711 ڕۆژە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەستیپێکردووە، بە مەبەستی لەناوبردنی بزووتنەوەی مقاوەمەی فەڵەستینی (حەماس) و ئازادکردنی بارمتەکان. 

بە گوێرەی دوایین ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چەکدارانی قەسسام (باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس) زیاتر لە 81 هەزار هاووڵاتیی سڤیلی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە 150 هەزاری دیکەیان بریندار بوون؛ کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵ بوون. 

جیا لەو کەسانەی کوژراون، بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تا ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، 428 کەس بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لە دەست داوە، لەبەر ئەوەی ڕۆژانە بڕێکی زۆر کەمی هاوکارییە مرۆییەکان دەچێتە نێو کەرتی غەززە و ئیسرائیل لە هەموو ڕوویەکەوە گەمارووی بەسەر کەرتەکەدا سەپاندووە. 

ئەم شەڕە دوای ئەوە سەریهەڵدا، کاتێک لە ڕۆژی 07ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارانی قەسسام هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانی، دەریایی و وشکانییان کردە سەر چەند کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی ئیسرائیلی لەسەر سنووری غەززە؛ زیاتر لە هەزار و 200 سەرباز و هاووڵاتیی ئیسرائیلییان کوشت و زیاتر لە 250 کەسیشیان بە بارمتە گرت. 

 
Fly Erbil Advertisment