هەولێر.. بازاڕێکی هاوچه‌رخ بۆ كڕین و فرۆشتنی ماتۆڕ و پایسكیل دروست ده‌كرێت

بڕیار وایە لە ئاییندەیەکی نزیکدا بازاڕێکی هاوچەرخی تایبەت لەسەر ڕووبەری 10 دۆنم زەوی بۆ پایسکل  وماتۆڕسکیلان لە هەولێر دروستبکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ئاییندەیەکی نزیک لەسەر ڕێگای هەولێر- کەرکووک، بازاڕێکی هاوچەرخ بۆ پایسکل و ماتۆرسکیلان دروست دەکرێت،

قایمقامی ناوەندەی هەولێر گوتی: بازاڕی ئێستا کەوتووتە نێو جەرگەی بازاڕی هەولێر و سیمایەکی ناشیرینی بە شارەکە بەخشیوە، هەربۆیە لە پێناو دروستکردنی سیمایەکی جوانتر و ڕێکخستنەوەی بازاڕەکە بڕیار دراوە بە دروستکردنی بازاڕێکی لەمشێوەیە.

نەبەز عەبدولحەمید، ئاماژەی بەوە کرد، بازاڕەکە بە گووژمەی دوو ملیار و 887 ملیۆن و 574 هەزار دینار لەسەر ڕووبەری 10 دۆنم زەوی دروست دەکرێت، بە گواستنەوەی بازاڕەکە بۆ شوێنی تازە، دەبێتە هۆی پاکبوونەوەی ژینگەی شوێنەکە.

بازاڕی پایسکل و ماتۆرسکیلان کەوتووەتە نێو جەرگەی بازاڕی هەولێر و شوێنێکی تایبەت و ڕێکخراوییان نییە، بەشی زۆریان لەسەر شەقام ماتۆڕ و پایسکل ڕادەگرن و نمایشی دەکەن بۆ فرۆشتنی.

 
Fly Erbil Advertisment