وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر ژمارەیەک کەس و دامەزراوەی ئێرانی سەپاند

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، ژمارەیەک تۆڕ، کەس و دامەزراوەی ئێرانی بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە لە داهاتی نەوتی فرۆشراوی ئێران، کە بۆ بۆ پشتیوانیکردن لە گرووپە لە یاسا دەرچووەکان و پەرەپێدانی سیستەمی چەکی پێشکەوتوو بەکاردەهێنرێت، خستە لیستی سزاکان.

سێشەممە 16ی ئەیلوولی 2025، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سامانی بیانی (OFAC)ی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، سزای بەسەر دوو تۆڕی هاوکاری دارایی ئێرانی و زیاتر لە 12 کەس و دامەزراوەی دیکە لە هۆنگ کۆنگ و ئیمارات سەپاند. کە تۆمەتبارن بە سپیکردنەوەی ملیۆنان دۆلار لە داهاتی فرۆشی نەوتی ئێران بۆ بەرژەوەندیی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و وەزارەتی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەکارهاتوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی گەنجینە، ئەم تۆڕانە، کۆمپانیای وەهمی و دراوی دیجیتاڵی (cryptocurrency) لە دەرەوەی وڵات بەکاردەهێنن بۆ خۆدزینەوە لە سزا نێودەوڵەتییەکان. دواتر ئەو داهاتە بۆ پشتیوانیکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان و پەرەپێدانی سیستەمی چەکی پێشکەوتوو، لە وانەش مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (UAV)، بەکاردەهێنرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم سزایانە، کە لە چوارچێوەی فەرمانی جێبەجێکاریی 13224 بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەرکراون، هەر دوو هاووڵاتیی ئێرانی "عەلیڕەزا درەخشان" و "ئارەش ئەستاکی عەلیوەند" وەک کەسایەتیی سەرەکیی تۆڕەکە دەگرێتەوە، کە لە نێوان ساڵانی 2023 بۆ 2025، هەماهەنگییان بۆ کڕینی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار دراوی دیجیتاڵی لە داهاتی فرۆشی نەوت بۆ حکوومەتی ئێران کردووە. هەروەها عەلیوەند تۆمەتبارە بە کارکردن لەگەڵ کۆمپانیای "القاطرجی"ی سووری، کە پێشتر سزا دراوە و وەک هاوبەشێکی سەرەکیی هێزی قودس لە فرۆشتنی نەوتی ئێراندا کار دەکات.

باس لەوەش کردووە، عەلیڕەزا درەخشان بەڕێوەبەری کاروباری ڕۆژانەی کۆمەڵێک کۆمپانیای وەهمی لە ئیمارات و هۆنگ کۆنگە. ئەم کۆمپانیایانە، لە وانە "Alpa Trading – FZCO" و چەندانی دیکە، بۆ ئاسانکاریی گواستنەوەی پارەی نایاسایی بۆ وەزارەتی بەرگری و سوپای پاسداران بەکاردەهێنرێن و مامەڵە بە سەدان ملیۆن دۆلارەوە دەکەن. هاوکات کەسانی دیکەی وەک "وەحید درەخشان" و "لەیلا کەریمی" سزادراون کە لەم کارانەدا بەشداریان کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەموو موڵک و ماڵی ئەو کەسانەی ناویان لە لیستی سزاکان هاتووە لەناو خاکی ئەمەریکادا بلۆک دەکرێن. جگە لەوەش، بە شێوەیەکی گشتی مامەڵەکردن لەگەڵیان قەدەغە دەبێت؛ وەزارەتی گەنجینەش هۆشداریی داوە، ئەو دامەزراوە داراییە بیانیانەی مامەڵە لەگەڵ سزادراوەکان دەکەن، ڕووبەڕووی سزای لاوەکی دەبنەوە، کە ڕەنگە دەستڕاگەیشتنیان بە سیستەمی دارایی ئەمەریکا سنووردار بکات.

لە کۆتاییدا وەزارەتی گەنجینە ڕایگەیاندووە، ئامانج لەم سزایانە هاندانی ئێرانە بۆ گۆڕینی ڕەفتارەکانییان.

 
Fly Erbil Advertisment