وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا چوار گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی خستە لیستی تیرۆر

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەر یەکە لە کەتائیبی سەیدشوهەدا، بزووتنەوەی نوجەبا، بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای ئەوفیا و کەتائبی ئیمام عەلی خستە لیستی "ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی".

چوارشەممە 17ی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا، بە فەرمی چوار گرووپی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە بە هاوکاریکردنی ئێران تۆمەتبار کراوەن، خستە لیستی "ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی" (FTO)، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپانە. کە پێکهاتوون لە: کەتائیبی سەیدشوهەدا، بزووتنەوەی نوجەبا، بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای ئەوفیا و کەتائبی ئیمام عەلی.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم هەنگاوە ئامانجی تێکشکاندنی تۆڕە دارایی و لۆجستییەکانی ئەم گرووپانەیە، کە ئەمەریکا بە بەرپرسیاریان دەزانێت لە هێرشکردنە سەر کارمەند و دامەزراوە ئەمەریکییەکان لە ناوچەکەدا، سزاکان سامانیان لە ئەمەریکا بلۆک دەکات و هاووڵاتییانی ئەمەریکیش لە هەر مامەڵەیەک لەگەڵیاندا قەدەغە دەکات.

هەروەها هەر چوار ڕێکخراوەکە پێشتر خرابوونە لیستی "تیرۆریستی دیاریکراوی جیهانی" (SDGT)، بە، سزایانەش لێکەوتەی یاسایی و دارایییەکەیان قورستری دەبێت.

هاوکات، جۆو وێڵسن، کۆنگرێسمانی ئەمەریکی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: پێشوازی لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ خستە لیستی تیرۆری ئەو گرووپانە دەکەم، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە نامەیەکدا داوام کردبوو. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە 16ی ئەیلوولی 2025، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سامانی بیانی (OFAC)ی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، سزای بەسەر دوو تۆڕی هاوکاری دارایی ئێرانی و زیاتر لە 12 کەس و دامەزراوەی دیکە لە هۆنگ کۆنگ و ئیمارات سەپاندبوو. کە تۆمەتبارن بە سپیکردنەوەی ملیۆنان دۆلار لە داهاتی فرۆشی نەوتی ئێران بۆ بەرژەوەندیی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و وەزارەتی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەکارهاتوون.

هەروەها پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەر یەکە لە کەتائیبی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق وەک "ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی" (FTO) ناساندووە. ئەمەش وای کربوو کە گرووپەکان و سەرکردەکانیان بکەونە ژێر سزای قورسەوە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گەیشتنیان بە سیستەمی دارایی ئەمەریکا.

سزاکانی ئەمەریکاش بۆ سەر ئەو دوو گرووپە پێکهاتوون لە، بلۆککردنی سامانەکانیان لە ئەمەریکا، قەدەغەکردنی مامەڵەی بازرگانی لەگەڵیان، هەر تاکێک یان لایەنێک مامەڵەی لەگەڵ ئەم گرووپانەدا بکات، ڕووبەڕووی سزای لاوەکی دەبنەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment