لیرەی تورکی داکەوتنێکی دیکەی تۆمارکرد

هەر دۆلارێکی ئەمەریکی بۆ هەشت لیرە بەرزبووەوە

K24 - ھەولێر

لە کۆتا مامەڵەکانی دوێنێ چوارشەممەدا، بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی داکەوتنی نوێی تۆمارکرد و گەیشتە ئاستی 8 لیرە بەرامبەر دۆلارێک.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، هۆکاری ئەو دابەزینە بۆ رەوشی نا لەباری تورکیا دەگەڕێتەوە، بە جۆرێک هەفتەی رابردوو بە هۆی دڵەڕاوکێکان بە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر وڵاتەکەدا.

بە تایبەت دوای ئەوەی ئاژانسی بلوومبێرگ ئاشکرای کرد، لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنقەرە مووشەکی بەرگری ئاسمانی ئێس 400ـی رووسی تاقیدەکاتەوە، ئەوە وادەکات پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا گرژی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، واشنتن پێشووتر ئاماژەی بەوەدابوو کە بەهۆی مووشەکی ئێس 400ـی رووسیەوە سزا بەسەر ئەنقەرەدا دەسەپێنن، بەڵام تاوەکو ئێستا سزای نەسەپاندووە. بەڵام ئێستا پێشبینی دەکرێت بەهۆی بەکارهێنانی ئەو مووشەکە و هەوڵەکانی تورکیا بۆ گەڕان بە دوای گاز لە دەریای ناوەڕاستدا یەکێتی ئەوروپا سزا بسەپێنێت.