قامشلۆ..خۆپیشاندانێک بۆ داواکردنی لامەرکەزییەت بەڕێوە چوو

لە قامشلۆ هەزارن کەس بۆ پشتگیری لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و لامەرکەزییەت ڕژانە سەر شەقامەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە گفتوگۆکانی کورد و دیمەشق سەبارەت بە داهاتووی ناوچەکە گەیشتوونەتە بنبەست.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە،ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئەیلوولی 2025 هەزاران کەس لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ پشتگیریکردن لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و داواکردنی سیستەمێکی لامەرکەزی بۆ داهاتووی وڵات ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانێکیان کرد،
لە 10ی ئاداری 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، بۆ یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بە حکوومەتی نوێی سووریا،ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد، ڕێککەوتنەکە پرسی دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە و کێڵگەکانی نەوت و گاز، هەروەها یەکپارچەیی خاکی سووریای لەخۆگرتبوو، هەروەها دابەشکردنیشی ڕەت کردەوە، لەو کاتەوە چەندین دانیشتنی دانوستاندن لەنێوان هەردوولا بەڕێوەچووە، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک لەم بارەوە نەهاتووەتە دی.
ئاژانسەکە لەو بارەوە ئاماژەی داوە، بەهۆی جیاوازییەکان جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەیان ڕاگرتووە؛ کوردەکان داوای لامەرکەزییەت دەکەن، بەڵام دیمەشق ئەم داوایە ڕەت دەکاتەوە، تاوەکوو ئێستاش چەندین کۆبوونەوەیان کردووە، بەڵام هەموویان بێ ئەنجام بوونە.
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی کۆمیتەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات "پەیەدە"لەو بارەوە ڕایگەیاند: "کاتێک باس لە لامەرکەزییەت دەکەین، بۆ هەموو سووریامان دەوێت، نەک تەنیا بۆ ناوچەکەی خۆمان." گوتیشی: "ئەگەر پرسی کورد چارەسەر نەکرێت، سووریا نابێتە دەوڵەتێکی دیموکرات و قەیرانەکان کۆتاییان نایەت."
هەروەها بەرپرسانی کورد ڕەخنەیان لە جاڕنامەی دەستووریی کاتی سوورییان گرتووە کە لەلایەن دەسەڵاتە نوێیەکەی دیمەشق دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد پەسەند کراوە و دەڵێن ڕەنگدانەوەی فرەچەشنیی سووریای تێدا نییە.هاوکات لە مانگی تەممووز، ناکۆکییەکانی پارێزگای سوەیدای و کۆمەڵکوژییەکانی کۆمەڵگەی عەلەوی لە کەناراوەکانی سووریا لە مانگی ئادار، نیگەرانییەکانی کوردیان زیاتر کردووە.
مانگی ڕابردوو، کوردانی سووریا ڕەخنەیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی گرت و بە نا دیموکراتی وەسفیان کرد، ئەمەش دوای ئەوەی دەسەڵاتداران پرۆسەکەیان دوو پارێزگای ڕەققە و حەسەکە دواخست.
لای خۆیەوە، هەفتەی ڕابردوو، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، ڕایگەیاندبوو "گفتوگۆکان لەگەڵ هەسەدە بە باشی بەڕێوە دەچوون، بەڵام وا دیارە جۆرێک لە لەمپەر یان خاوبوونەوە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا دروست بووە." گوتیشی: "لەپێناو بەرژەوەندیی باکووری ڕۆژهەڵات سووریا و بۆ ئەوەی کارەکان ئاسان بکرێن و نەگاتە شەڕ و پێکدادان، هەموو شتێکی کردووە"
یەکشەممە 14ی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردبووە و تێیدا جەختی لە پابەندبوون خۆیان بە یەکپارچەیی خاکی سووریا و گەلەکەی کردەوە؛ هاوکات هەر پرۆژەیەک کە ببێتە هۆی دابەشبوونی ئەو وڵاتە، ڕەت کردەوە.