ئەمەریکا بەنیازە ئەرشیڤی ئەنفال بداتەوە عێراق
"وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق سرووشتی ئەو رەوشە سیاسییە و ئاڵۆزییەکانی لەبەرچاودەگرێت"
K24 - هەولێر
ئەمەریکا بەنیازە "پێنج ئەرشیڤی گرنگ" بداتەوە عێراق، کە یەکێکیان تایبەتە بە پرۆسەی ئەنفال.
رۆژنامەی سەباحی فەرمی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 15-10-2020) بڵاویکردەوە نەوفەل ئەبو رەغیف، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە "ئەمەریکا بەنیازە لە قۆناغی داهاتوودا پێنج دۆسیەی ئەرشیفی بداتەوە عێراق، کە تایبەتن بە: عێراق، ئەنفال، بەعس، ژێرزەمین و زیندانە نهێنییەکان، لەگەڵ ئاسایش و هەواڵگری".
ئەبو رەغیف، گەشبینی خۆی بە زیاتر پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی رۆشنبیری، زانستی و شوێنەواری لە نێوان بەغدا و واشنتن دەربڕی. راشیگەیاند "وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق سرووشتی ئەو رەوشە سیاسییە و ئاڵۆزییەکانی لەبەرچاودەگرێت".
هەرچەندە کاتی گەڕاندنەوەی ئەو ئەرشیڤانە بە دیاریکراوی رانەگەیەنراوە، بەڵام لە ماوەکانی رابردوودا و بەدیاریکراوی لە 31-8-2020 ئەمەریکا ئەرشیڤیکی گەڕاندەوە عێراق، کە لە 48 تۆن نووسراو، پێنج ملیۆن پەڕ پێکهاتبوو، نهێنی و "زانیاریی ترسناکی" 35 ساڵی حوکمی سەدام حوسێنی تێدا تۆمارکرابوو.
ئەرشیڤەکە لە ئەمەریکا لە پێشانگەی هۆڤەر هەڵگیرابوو، کە سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسەتی گشتییە لە زانکۆی ستانفۆردی ویلایەتی کالیفۆرنیا، جگە لە لێکۆڵەرانیش، کەس رێگەی پێنەدراوە ناوەڕۆکی نووسراوەکان ببینێت. ئەو ئەرشیڤە تاوەکو ئێستا لەلایەن خەڵکەوە نەبینراوە، هیچکام لە حکومەتەکانی بەغدا و واشنتنیش راگەیەندراویان لەبارەی گواستنەوە نەبووە.
هـ.ر.