بانکی ناوەندیی ئەمەریکا بۆ یەکەمجار لەمساڵدا ڕێژەی سوودی دابەزاند

بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2025 ڕێژەی سوودی بانکی دابەزاند، هۆکارەکەشی بۆ کەمبوونەوەی هەلی کار و مەترسییەکانی زیادبوونی هەڵاوسان گەڕاندەوە.ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە بانکی ناوەندی ڕووبەڕووی فشاری بەردەوامی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود بوەتەوە.
چوارشەممە 17ی ئەیلوولی 2025، بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا ڕێژەی سوودی سەرەکیی بە 25 خاڵی بنەڕەتی 0.25% کەمکردەوە و گەیاندییە نێوان 4.0% بۆ 4.25%. هەروەها، بەرپرسانی بانکەکە ئاماژەیان بە ئەگەری دابەزاندنی دیکە پێش کۆتایی ئەمساڵ کرد.
ستیڤن میران، ئەندامی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگارانی بانکی ناوەندی ئەمەریکا، ڕاوێژکاری باڵای پێشووی ئابووریی ترەمپ دژی ئەم بڕیارە دەنگی دا و داوای کرد بە ڕێژەی 50 خاڵی بنەڕەتی 0.50% کەمبکرێتەوە، هاوکات 11 ئەندامەکەی دیکەی ئەنجوومەنەکە پشتیوانییان لە کەمکردنەوەکە کرد.
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا، لەو بارەوە ڕایگەیاند کە بانکی ناوەندی بە بە پاراستنی سەربەخۆیی خۆی لە سیاسەت پابەندە ، ئەمەش لە وەڵامی پرسیارێکدا بوو سەبارەت بە زیادکردنی ڕاوێژکارێکی سەرەکیی دۆناڵد ترەمپ بۆ نێو ئەندامەکانی.
پاوڵ گوتیشی: چاوەڕێکردنی ڕێژەی باجە گومرگییەکان و هەڵاوسان و بازاڕی کار بەر لە بڕیاری کەمکردنەوەی سوودی بانکی کارێکی باش بووە.
سەرۆکی بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد،"ئەو بڕیارانەی کە دەری دەکەین، پشت بە داتا نوێیەکان، دیدگای گۆڕاو و هاوسەنگیی مەترسییەکان دەبەستن.
مانگی ڕابردوو، ترەمپ، لیزا کوکی، پارێزەرێکی بانکی ناوەندیی فیدراڵی، لە کارەکەی دوورخستەوە، بەو تۆمەتەی کە ساختەکاریی لە قەرزی خانووبەرەدا کردووە، بەڵام دادوەرێکی فیدراڵی و دادگای تێهەڵچوونەوە ڕێگرییان لە ترەمپ کرد، کە کوک لە پۆستەکەی دوور بخاتەوە، هەرچەندە کۆشکی سپی داواکەی بردووەتە دادگای باڵا.
لە مانگی ئاب، ئادریانە کوگلەر پارێزگارێکی دیکەی بانکی ناوەندی کە لەلایەن جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دامەزرابوو، لەناکاو دەستی لەکارکێشایەوە. کۆمارییەکان بەخێرایی هەوڵییان دا ستیڤن میران، سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاوێژکارانی ئابووری، لە شوێنی دابنێن، ئەنجوومەنی پیرانیش ڕۆژی دووشەممە پەسەند کرد.
بانکی ناوەندی لە دۆخێکی ئابووریی ئاڵۆزدایە، لە کاتێکدا باجە گومرگییەکانی ترەمپ مەترسیی هەڵاوسان زیاد دەکەن و بازاڕی کاریش نیشانەکانی لاوازبوونی تێدا دەرکەوتووە، لەگەڵ بڕیاری کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود، بانکی ناوەندی پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووری لە ساڵی 2025 دا لە 1.4% بۆ 1.6% بەرزکردەوە، بەڵام پێشبینییەکانی بۆ بێکاری و هەڵاوسان وەک خۆی هێشتەوە.
هاوکات ترەمپ لەم ساڵدا فشارەکانی لەسەر بانکی ناوەندی ئەمەریکا چڕتر کردووەتەوە و چەندین جار داوای کەمکردنەوەی سوودی بانکی کردووە.