ڕۆژنامەیەکی ئێرانی: دەرکردنی ئەفغانەکان کاریگەریی لەسەر نرخی نان نەبووە

 سیاسەتەکانی دژە کۆچبەریی حکوومەتی ئێران، بەتایبەتی دەرکردنی بەرفراوانی هاووڵاتییانی ئەفغان، نەبووەتە هۆی باشتربوونی بارودۆخی ئابووریی وڵاتەکە و کەمبوونەوەی نرخەکان، لەوانەش نرخی نان.

ڕۆژنامەی کەیهان، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە  "نرخی کاڵاکان، بەتایبەتی نان وەک خۆراکی سەرەکیی خێزانەکان، لە ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەچاو بەرز بوونەتەوە."

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، نرخی نانی سەنگەکی ئاسایی بە ئاردی دەوڵەتی، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2024، پێنج هەزار تومەن بوو، ئێستا گەیشتووەتە 15 هەزار تومەن!

ڕۆژنامەکە نووسیویەتی "تا سەرەتای ئەمساڵ، هۆی گرانی و بەرزبوونەوەی نرخەکانمان، بە تایبەتی نرخی نان، دەخستە ئەستۆی هاووڵاتییانی ئەفغان کە بەشێوەیەکی نایاسایی لە ئیران دەژیان؛ بەڵام پاش ئەوەی حکوومەت زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار ئەفغانی دەرکرد، نان نەک هەرزان نەبووە، بەڵکو گرانتریش بووە.

حکوومەتی ئێران، دوای جەنگی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل، تۆمەتی "هاوکاری و سیخوڕی" بۆ مۆسادی خستووەتە پاڵ هەندێک هاووڵاتیی بیانی، بەتایبەتی کۆچبەرانی ئەفغان. ئەم ڕێبازە لە کردەوەدا وەک ئامرازێک بۆ شەرعیەتدان و پاساودانی سیاسەتەکانی دژە کۆچبەریی حکوومەت بەکار هێنراوە.

بەرز بوونەوەی نرخی نان بە ڕێژەی 52% لە تاران و هەندێک شاری دیکە لە مانگی ئابدا، تێچووی مانگانەی کڕینی نانی سەنگەک بۆ خێزانێکی کرێکار گەیشتووەتە نزیکەی سێ ملیۆن تومەن، کە بەرانبەرە بە یەک لەسەر پێنجی کەمترین کرێی مانگانەی کرێکارێک.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment