پیاده‌كردنی سیاسه‌تی شۆڤێنیانه‌ له‌ كه‌ركووك بەردەوامە

په‌رله‌مانتاران: راكان جبووری پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی نابێت

K24 – ھەولێر:

سێ ساڵە راکان جبوری، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک ستراتیژیەتی پاوانخوازی پیاده‌ ده‌كات. بەشێک لە پەرلەمانتارانیش پێیانوایە، جبووری بە پاڵپشتی بەغدا ھێزی سەربازی بەکاردەھێنێت بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندا و بڕیارەکانی، ھاوکات بەرپرسانی کورد نیگەرانی ئەوەن، کە ئەو پارێزگارە سەپێندراوە بە ھیچ جۆرێک پابەندی بەڵینەکانی نییە، بە زارەکی بەڵێن دەدات و بە نوسراو فەرمانی نوێ دەردەکات دژ بە کورد.

لە پاش رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، راکان جبوری، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک ھەژموون و دەسەڵاتداری خۆی تەواو سەپاندووە بەسەر دانیشتوانی کوردی ئەو شارە، بەجۆرێک ھەندێک پێیان وایە ئەوەی کورد بۆ پێکەوە ژیان لە ماوەی 15 ساڵ بونیادی نابوو، ئەو بە سێ ساڵی حوکمڕانی لەناویبرد، چونکە دەستیكردووە بە ھەڵمەتی تەعریب و سەپاندنی نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەکانی دیكەدا.

بێستون زەنگەنە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی یەکێتی گوتی: راکان جبوری لە بەغداوە پاڵپشتی دەکرێت و ھاندەدرێت بۆ ئەوەی ھێزی سەربازی بەکاربھێنێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی.

بەرپرسانی کورد نیگەرانی ئەوەن، راکان جبوری پابەندی بەڵێنەکانی نیە، بۆیە بەشێوەی یاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و رووبەڕووی دادگای دەکەنەوە. بۆ ئەو دۆسیە گەندەڵیانەی لە سەریەتی؛ کەچی لە پڕ دۆسیەکانی ئەو لە بەغداوە دادەخرێن و ھاوکات ھەر بڕیارێکی نایاسایی ھەبێت بە تایبەت بۆ تەعریب کردن، جبوری بە زارەکی بەڵێن دەدات دووبارەی نەکاتەوە؛ کەچی دیسان بڕیار و فەرمانی نوێ دەردەکات.

لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک لەو ستراتیژیەتەی دایڕشتووە بۆ پاوانخوزای لە سنووری شارەکە ھەوڵی گۆڕینی شوناس و دەرکردنی 25000 خێزانی کوردی داوە، لەگەڵ دوورخستنەوەی 120 بەرپرسی ئیداری کورد لە فەرمانگە جیاوازەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە لیژنەیەکی باڵای وزاری بە بەشداری نوێنەرانی کورد پێکھاتوون بۆ پێداچوونەوە بەبریارەکانی راکان جبوری و راگرتنی.

Fly Erbil Advertisment