ڕۆیتەرز: عێراق لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان نزیکبووەتەوە

ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی فەرمی عێراقی ڕایگەیاندووە، هەر دوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ نزیکن لە ڕێککەوتنی تەواوەتی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەروەها 230 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم لە ڕۆژێکدا هەناردەی بازاڕەکانی جیهانیی دەکرێت.

هەینی 19ـی ئەیلوولی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی بڵاوی کردووەتەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندیی سەرەتایی لەسەر پلانێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی داوە و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتیش کە لە کوردستان کار دەکەن، بە شێوەیەکی کاتی ڕازی بوون.

هەروەها بەرپرسێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە ئاژانسەکەی گوتووە: "گفتوگۆکان چڕتر بوونەتەوە و ئێمە لە ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی لە هەموو کات نزیکترین، چونکە هەموو لایەنەکان نەرمی دەنوێنن."

ڕۆیتەرز ئەوەشی خستووتەڕوو، بەپێی پلانی سەرەتایی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە گەیاندنی لانیکەم 230 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە سۆمۆ، لە کاتێکدا 50 هەزار بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی دەهێڵێتەوە، هەروەها بۆ هەر بەرمیلێک کە دەفرۆشرێت، 16 دۆلار دەخرێتە سەر هەژمارێکی ئەمانەت و بە شێوەیەکی ڕێژەیی بەسەر بەرهەمهێنەراندا دابەش دەکرێت. داهاتی ماوەش بۆ سۆمۆ دەگەڕێتەوە.

شاندی هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا گفتوگۆی چڕی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ کردووە بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە، هەر دوولا دووپاتیان کردووەتەوە کە نزیکن لە ڕێککەوتنی تەواوەتی.

عێراق نزیکەی سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە بەندەرەکانی باشوورەوە هەناردە دەکات، لەکاتێکدا لەسەر سکاڵایەکی حکوومەتی عێراق لەمانگی ئاداری ساڵی 2023ەوە بەبڕیاری دادگای نێوەندگیری پاریس هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی بەندەی جەیهان ڕاگیراوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment