ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، پرۆژە بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێرانی پەسند نەکرد

هەینی 19ـی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، پرۆژە بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی بە یەکجاری سەر ئێران پەسند نەکرد، بەڵام ئێران و ئەورووپا هێشتا هەشت ڕۆژیان لەبەردەستە بۆ ڕێکبکەون؛ هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا ڕووسیا، چین، پاکستان و جەزائیر دەنگیان بە پرۆژەکە دا، نۆ ئەندامی دیکە وەک( فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئەمەریکا) دژی پرۆژەکە دەنگیان دا و دوو ئەندامیش دەنگیان نەدا.

هەروەها ئەگەر تا 27ـی ئەیلوول ئێران نەتوانرێت هیچ ڕێککەوتنێک لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی بکات، ئەوا هەموو سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دووبارە بەسەر دەسەپێنرێنەوە.

ئێران دەرەنجامی دەنگدانەکە "دیپلۆماسی لاواز دەکات"

ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای دەنگدانەکە بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: "دەرگای دیپلۆماسی دانەخراوە، بەڵام ئێران دەبێت، بڕیار بدات لەگەڵ کێ و لەسەر چ بنەمایەک گفتوگۆ بکات، نەک نەیارەکان،" باسی لەوەش کرد، "کردەوەی ئەمڕۆ ناپێویست و نایاساییە. ئێران بە هیچ شێوەیەک پێیەوە پابەند نابێت، بە سیاسەتی زۆرەملێ" ناوبرد.

دەشڵێت: عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران هەفتەی داهاتوو لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ هاوتا ئەوروپییەکانی کۆدەبێتەوە، ئاماژەشی دا،" ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا، نیشانەی ئەوەیە هیچ کۆدەنگییەک لە ئەنجوومەنەکەدا نییە، ئەمەش هەوڵە دیپلۆماسییەکان لاواز دەکات و مەترسیی دەرەنجامی مەترسیداری بۆ بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمی هەیە."

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە: "بەرپرسیارێتیی تەواوی دەرەنجامەکانی ئەم کارە، دەکەوێتە ئەستۆی ئەمەریکا و فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا."ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو وڵاتانە هێشتا سەربەخۆییان نیشان نەداوە و شوێن سیاسەتی ئەمەریکا کەوتوون."

هاوکات دوای دەنگدانی ئەنجوومەنەکە، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم گوتی: "ئێران هەر کارێکی سیاسی و فشارێکی نادادپەروەرانە ڕەت دەکاتەوە کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان."

ئامادەین بۆ ڕێگا چارەسەری دیپلۆماسی

دۆرۆتی شیا، باڵیۆزی ئەمەریکا، گوتی هەرچەندە ئەمەریکا بە "نەخێر" دەنگی لە پرۆژەکەدا دا، بەڵام ئەمە نابێتە ئاستەنگ لە بەردەم هەوڵە دیپلۆماسیی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری کێشەکان"، دەشڵێت: تەنانەت ئەگەر سزاکانیش بسەپێنرێنەوە ئەوا ئەمەریکا هەمیشە ئامادەیە بۆ ڕێگا دیپلۆماسی.

دووپاتیشی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەمیشە بۆ گفتوگۆی مانادار، ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران ئامادەیە.

جیرۆم بۆنافۆنت باڵیۆزی فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی لەوە کرد، لەو کاتەی 30 ڕۆژ مۆڵەت دراوەتە ئێران بۆ پابەندبوونی بە ڕێککەوتن بەرنامەی ئەتۆمی، وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا دوو جار لەگەڵ ئێرانییەکەیان کۆبوونەتەوە. گوتیشی: هێشتا ئامادەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە.

باربارا ودوارد باڵیۆزی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئەنجوومەنەکەی گوت: "بەبێ جێبەجێکردنی مەرجە هەرە سەرەتاییانە، هیچ ڕێگایەکی بۆ چارەسەرێکی دیپلۆماسی نییە دەشڵێت: " لە هەفتەکانی داهاتوودا ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ و ڕێگە چارەی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان."

ڕووسیا و چین، کە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی 2015ی ئێراندان، هەوڵی ئەوروپییەکانیان بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئێران ڕەت کردووەتەوە.

فو کۆنگ، باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی دا، هەوڵی سەپاندنەوەی "سناپباک" " زیان بە هەوڵی دیپلۆماسییەکان دەگەنێت، تەنانەت لەوانەیە ببێتە هۆی دەرەنجامی کارەساتبار کە پێشبینیکردنیان ئەستەمە و ساڵانێکی زۆر هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە یەکجار لە ناو ببات."

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەو بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا پێشنیازیان کردووە سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران تا شەش مانگ دوا بخەن، بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ گفتوگۆ لەسەر ڕێککەوتن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بڕەخسێنن، بەڵام بەو مەرجەی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆمی ڕێکبکەوێت و لەگەڵ ئەمەریکا دەست بە گفتوگۆیەکان بکاتەوە.

بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە 28ی ئاب پرۆسەیەکی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەر ئێرانیان چالاک کردەوە و 30 ڕۆژ مۆڵەتییان دایە ئەو وڵاتە پابەندبوونی خۆی دووپات بکاتەوە، ئەوان تارانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە پابەندی ڕێککەوتنی 2015ـی لەگەڵ نەبووە کە ئامانج لێی ڕێگریکردن بوو لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێران ئەمە ڕەت دەکاتەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment