ئەحمەد شەرع: هەسەدە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی پشتگوێ خستووە

سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند، هەسەدە گوێڕایەڵی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نییە و تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵیش تێکەڵ بە سوپای سووریا نەبێتەوە، ئەوا تورکیا ئۆپەراسیۆنیان لە دژ ئەنجام دەدات.
هەینی 19ـی ئەیلوولی 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی میللەتی تورکیا گوتی: هەسەدە، بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی (پەکەکە)ـی بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی پشتگوێ خستووە، هەروەها بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا و عێراق.
ئاماژەشی دا، ئەنقەرە پێشتر لەبەر هەوڵەکانی سووریا خۆی لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هەسەدە بە دوور گرتووە، بەڵام لەوانەیە ئارامگرتنی تورکیا تا کۆتایی ساڵ نەخایەنێت و ئۆپەراسیۆنییان لە دژ ئەنجام بدات، ئەگەر ئەو هێزانە لەگەڵ سوپای سووریا تێکەڵ نەبنەوە.
هەروەها شەرع داواکارییەکانی هەسەدەی بۆ لامەرکەزییەت ڕەت کردەوە و ڕوونی کردەوە کە یاسای ژمارە 107ی تایبەت بە پارێزگاکانی سووریا خۆی 90%ی لامەرکەزیی ئیداری دابین کردووە، بەڵام داواکاری هەسەدە تەنیا ویستێکە بۆ جیابوونەوە.
سەرۆکی سووریا باسی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد و گوتی، لە کۆبوونەوەم دا بە فەرماندەی گشتی هەسەدەم گوت، ئەگەر هاتووی داوای مافی کورد بکەیت، ئەوا پێویست ناکات، چونکە کورد هاووڵاتیی یەکسانی سووریایە و من لە تۆ زیاتر پەرۆشی مافەکانیانم."
جەختیشی لەوە کردەوە، ڕێککەوتنی 10ـی ئازار، یەکەم ڕێککەوتنی حکوومەتی دیمەشق و کوردە کە ئەمەریکا و تورکیا پشتیوانی دەکەن، بەڵام هەندێک باڵ لەناو هەسەدە و (پەکەکە) هەوڵی ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەدەن.
هاوکات لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، کریستۆفەر لانداو جێگری وەزیری دەرەوە، تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبوونەوەتەوە و باسیان لە داهاتووی سووریا، پەیوەندییەکانی ئیسرائیل-سووریا، و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئازاری نێوان دیمەشق و هەسەدە کردووە.
لە 10ـی ئاداری 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، بۆ یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بە حکوومەتی نوێی سووریا،ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد، ڕێککەوتنەکە پرسی دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە و کێڵگەکانی نەوت و گاز، هەروەها یەکپارچەیی خاکی سووریای لەخۆگرتبوو، هەروەها دابەشکردنیشی ڕەت کردەوە، لەو کاتەوە چەندین دانیشتنی دانوستاندن لەنێوان هەردوولا بەڕێوەچووە، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک لەم بارەوە نەهاتووەتە دی.