هەسەدە: هێزێکی سەر بە دیمەشق هێرشی کردە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی

هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) ڕایگەیاند، هێزێکی سەر بە حکوومەتی دیمەشق، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی و دواتر بە چڕی تۆپبارانی کردوون.
شەممە 20ـی ئەیلوولی 2025، هێزەکانی سووریای دیموکرات( هەسەدە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن"، کۆمەڵکوژییەکیان لە دژی هاووڵاتییانی مەدەنی لە گوندی "ئوم تینە" لە دەوروبەری دێر حافر لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب ئەنجامدا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێرشەکانی ئەو چەکدارانە کاتژمێر 7ـی ئێوارە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەستیان پێکرد و دواتر تۆپبارانێکی چڕی ماڵی هاووڵاتییانییان بە ئامانج گرت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی (هەسەدە)، لە ئەنجامی ئەم هێرشانە حەوت هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و چواری دیکەش برینداربوون.
هەسەدە لە لە ڕاگەیەندراوەکەدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشانەی کردووە و ڕایگەیاندووە، ئەم کردەوەیە درێژەپێدەری ئەو ڕێبازە بەردەوامەیە کە ئەم گرووپانە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە دژی هاووڵاتییانی مەدەنی گرتوویانەتەبەر. هەروەها جەختی لەوە کردەوە تێپەربونی ئەو کردەوەیە بەبێ سزا دەبێتە هاندەر بۆ دووبارەکردنەوەی ئەم پێشێلکارییانە.