کوێستانی پرژە، زستانەهەوارێک بۆ گەشتیاران

کوێستانی پرژە لەسنوری قەزای چۆمان بە یەکێک لەناوچە ساردەکانی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت، بەرزترین پلەی گەرمی لە ڕۆژدا  یەک پلەی سیلیزییە و شەوانیش  بۆ 15 ی ژێر سفر دادەبەزێت.

ئەمساڵ نزیکەی دوومەتر بەفری لێ باریوە، لەهەندێک شوێنیش بەهۆی ڕنوو و زریان و ڕەشەبا، ئاستی بەفر نزیک 10 مەتر بەرزبۆتەوە. کوێستانی پرژە، نەک تەنیا لە زستاندا، بەڵکوو لە ناوەڕاست و چلەی هاوینیشدا گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن.

عەبدوڵڵا ئەحمەد، گەشتیارێکی عەرەبی عێراقی، بە کوردستان24ـی گوت: كه‌شی ئێره‌ زۆر دڵڕفێنه‌، ئەمڕۆ کە خۆرەتاوە، هاتووم بۆ ئه‌وه‌ی خلیسکانێی سه‌ر به‌فر تاقی بكه‌مه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ باشتره‌ له‌وه‌ی بچمه‌ وڵاتێكی بیانی وەک توركیا و شوێنه‌ دووره‌ ده‌سته‌كان، كه‌ تێچووه‌كه‌شیان زیاتره‌، بۆ من باشتره‌ بێمه‌ ئێره‌ له‌ وڵاتی خۆم، له‌ كوردستان و له‌ قه‌زای چۆمان خلیسكانه‌ی سه‌ر به‌فر تاقی بكه‌مه‌وه‌.

زەینەب حوسین، یەکێکە لەو گەشتیارانەی بۆ خلیسکانێی سەربەفر هاتووەتە پرژە، دەڵێت: ئه‌مڕۆ هاتووینه‌ته‌ قه‌زای چۆمان له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ڕاستیدا دیمه‌نه‌ سروشتییه‌كان زۆر ناوازه‌ن، ئامۆژگاری هه‌موو كه‌سێكیش ده‌كه‌م بێنه‌ ئێره‌ و وێنه‌كانیان لێره‌ بگرن، به‌ڵام کەلوپەل و پێداویستیی تەواو لەگەڵ خۆیان بهێنن‌، دڵنیام كه‌ چێژێكی زۆر گه‌وره‌ ده‌بینن.

گەیلان حوسێن، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پڕۆژەیەكی گەشتیاری، دەڵێت: ئێرە کوێستانێکی سەختە، بەڵام سروشتیکی دڵڕفێن و جوانی هەیە. ئێمە هەوڵ دەدەین پرۆژەی جوان و سەرنجڕاکێش بە خزمەتگوزاریی گونجاوەوە ساز بکەین، بۆ ئەوەی گەشتیاران سەردانی ئێرە بکەن. 

پرژە، بەتەنیا گەشتیارانی ناوەخۆ و عێراق نین چاوی گەشتیان خستۆتە سەر، بەڵکو بووەتە ویستگەی دەیان یاریزانی خلیسکێنەی سەر بەفر و ساڵانە فێستیڤاڵی بەفریش لە باوەش دەگرێت.