بەرلین لە تاریکیدا؛ 'ڤۆڵکانگرووپ' کێیە و بۆچی پەلاماری ژێرخانی ئابووریی ئەڵمانیا دەدات؟

کرێکاران سەرقاڵی گۆڕێنی کابڵە سووتێنراوەکانن. سەرچاوە: ڕۆژنامەی ستاندارد
کرێکاران سەرقاڵی گۆڕێنی کابڵە سووتێنراوەکانن. سەرچاوە: ڕۆژنامەی ستاندارد

پێنجشەممە، 08 کانوونی دووەم، 2026، ڕۆژنامەی 'ستاندارد'ی بەلجیکی، لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی، کاتژمێر 06:00 بەیانیی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، ئەندامانی گرووپی چەپی توندڕەوی ناسراو بە 'ڤۆلکانگرووپ' لە ئەڵمانیا، ئاگریان لە کێبڵێکی سەرەکیی کارەبا لە سەر کەناڵی تێڵتۆ، بەردا و لە ئەنجامدا کارەبای بەشێکی زۆری بەرلین پچڕا.

ئەم کارە تێکدەرانە، بووە هۆی پچڕانی کارەبای زیاتر لە  45 هەزار خێزان و زیاتر لە دوو هەزار و 200 کۆمپانیا و سەرجەم 100 هەزار کەس بێکارەبا بوون. بۆ یەکەم جارە، پاش جەنگی دووەمی جیهانیی شاری بەرلین ئەو ماوە زۆرە بێکارەبا دەبێت.

هەرچەند بە گوتەی کۆمپانیای کارەبای بەرلین، ئێستا کێبڵەکان بە تەواوەتی چاک کراونەتەوە کارەبای  شارەکە هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام هێشتا کاریگەرییەکانی پچڕانەکە دیارە؛ بۆ نموونە سەرجەم قوتابخانەکانی ئەو بەشەی شار، ئەم هەفتەیەش بە داخراوی دەمێننەوە و دانیشتووان دەبێت تا ماوەیەک ئەو ئامێرانە بەکار نەهێنن کە وزەی زۆریان پێویستە، وەک گیزەر و جلشۆر.. 

ڤۆڵکانگرووپ، لە ساڵی 2011ـەوە لە بەرلین و هەرێمی براندنبۆرگ چالاکی دەکات. ئەندامەکانی هەمیشە پەلاماری ژێرخانی هەستیار وەک کێبڵی کارەبا و  تۆڕی پەیوەندی، هێڵەکانی شەمەندەفەر، هێڵەکانی کارەبای پەستانی بەرز، کێبڵی داتا و تاوەرەکانی پەخش، دەدەن. چالاکییەکانیان بەردەوام دەبێتە هۆی زیانی ڕاستەوخۆ وەک بچڕانی کارەبا، تێکچوونی گواستنەوەی داتا و ناڕێکی تۆڕەکانی هاتوچۆی گشتیی وەک شەمەندەفەر و پاس و میترۆ. 

 

لە ڕووی ئایدۆلۆجییەوە، ڤۆڵکانگرووپ، سەرمایەداریی جیهانگیری و دەسەڵاتی دەوڵەت، وەک هێزی بزوێنەری وێرانکردنی ژینگە دەبینێت. ئەو گرووپە بە تێکدان و زیانگەیاندن بە ژێرخانە ئابوورییەکان، دەیەوێت خاڵە لاوازەکانی کۆمەڵگەی مۆدێرن و دەربخەن و شێوازی ژیانی 'ئیمپریالیستانە' هەڵبوەشێننەوە!

لە ڕۆژانەی ڕابردوودا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی تێوەگلانی ڕووسیا لە کردەوە تێکدەرانەکەی ڤۆڵکانگرووپ بڵاو بووەوە. هەڵەی زمانەوانی و دەربڕینی نالەبار لە ڕاگەیەنراوەکەی ئەو گرووپە، وایکرد گومانی ئەوە بکرێت کە ڕاگەیەنراوەکە  لە ڕووسییەوە وەرگێڕدرابێت. شارەزایانی زمان ئەم بانگەشانە ڕەت دەکەنەوە.. جگە لەوەش، لێدوانەکانی ناو بەڵگەنامەکە، دژ بە پڕوپاگەندەی ڕووسیان.

 بە گوێرەی لێکدانەوەی شارەزایانی تیرۆر و دەزگا ئەمنییەکان، هیچ بەڵگەیەک بۆ دەستێوەردانی دەرەکی لە بەردەستدا نییە. ڤۆڵکانگرووپیش زۆر بە توندی هەر جۆرە دەستێوەردانێکی دەرەکی ڕەت دەکاتەوە. گرووپەکە، لە ڕاگەیەنراوێکدا لەسەر پلاتفۆرمی چەپی کناک نیوز'knack.news' ڕایگەیاندبوو "حکوومەت و دەزگا ئەمنییەکان هەوڵ دەدەن 'دوژمنێکی دەرەکی' دروست بکەن، چونکە نایانەوێت دان بەوەدا بنێن کە بکەرانی ناوخۆیی توانای هێرشکردنە سەر ژێرخانی هەستیاریان هەیە."

ڤۆڵکانگرووپ، جەخت لەوە دەکاتەوە "سووتاندنی کابڵەکان دژی دانیشتووان نەبووە، بەڵکوو دژی ژێرخانێک بووە کە بە بڕوای ئەوان، ڕۆژانە زیان بە مرۆڤ، ژینگە و دواڕۆژ دەگەیەنێت."

 هاوکات ڤۆڵکانگرووپ دان بەوەدا دەنێت "پچڕانی کارەبا بۆ زۆرێک لە دانیشتووان، بەتایبەتی بۆ گرووپە لاوازەکان قورس بووە" بە بڕوای گرووپەکە، ئەم کردەیە، بەرهەمی "سیستەمێکە کە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان وەک سەرچاوەی داهات بۆ دەوڵەت بەکار دەهێنێت و لەئەنجامدا چینی هەژاری کۆمەڵگە زیانی بەردەکەویت."