هەسەدە و سووریا لەسەر بۆردوومانەکەی گوندێکی حەلەب یەکتر تۆمەتبار دەکەن

وەزارەتی بەرگریی سووریا بۆردوومانکردنی گوندێک لە پارێزگای حەلەب لە ڕۆژی شەممەدا ڕەت کردەوە، و بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان خستە ئەستۆی هەسەدە، ئەو هێزەش لەو بارەوە ئاماژەی داوە، ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی بەرگری شێواندنی ڕاستییەکان و خۆ دزینەوەیە لە تاوانەکە.
یەکشەممە 21ـی ئەیلوولی 2025، ئاژانسی فەرمیی "سانا" لە زاری وەزارەتی بەرگریی سووریا بڵاوی کردووەتەوە، "دوێنێ شەممە هێزەکانی هەسەدە گوندەکانی تەل ماعز، عەلسە، و ئەلکیارییەیان لە دەوروبەری ڕۆژهەڵاتی حەلەب بۆردوومان کردووە."
ڕاشیگەیاندووە،"لە کاتی بۆردوومانکردنی ئەو گوندانەی کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی خۆیاندان، هێزەکانمان چاودێریی هەڵدانی چەند مووشەکێکیان کرد لە یەکێک لە مووشەکهاوێژەکانی هەسەدەوە بەرەو گوندی ئوم تینە کە دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە، بێ ئەوەی هۆکارەکانی پشت ئەم کارە بزانرێت."
وەزارەتەکە بە هەموو شێوەیەک ڕەتی دەکاتەوە، سوپای سووریا گوندی ئوم تینەی کردبێتە ئامانج، لە بەرانبەردا هەسەدەی بە ئامانج گرتنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە دەوروبەری ڕۆژهەڵاتی حەلەب" تۆمەتبار کرد.
هەسەدە: ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی خۆ دزینەوەی لە تاوانەکە
هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی وەزارەتی بەرگریی سووریا دەداتەوە و ڕایگەیاندووە، " ئەم ڕاگەیەندراوە جگە لە هەوڵێکی ئاشکرا بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی تاوانەکە شتێکی دیکە نییە؛ ناوەڕۆکەکەشی هیچ لۆژیکێکی سەربازی یان سیاسی لە خۆ ناگرێت و ڕاستییە سەلمێنراوەکانیش ناگۆڕێت."
ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئەم ڕاگەیەندراوە، سەرلێشێواویی وەزارەتی بەرگری نیشان دەدات لە هەوڵدان بۆ داپۆشینی تاوان و دەستدرێژییە دووبارەکانی گرووپە چەکدارەکانی، ئەمە تەنیا خۆدزینەوە لە تاوانەکە نییە، بەڵکوو سووکایەتییەکی زەقە بە ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنیی سووریا و مافی قوربانییەکان لە لێپرسینەوە لە تاوانبارانی ئەو گرووپانە."
هەسەدە جەختییش لەوە کردەوە کە "ئەم شێوازە لە نکۆڵیکردن لە تاوانەکان، ڕەنگدانەوەی سیاسەتێکی سیستماتیکە کە 'وەزارەتی بەرگری' پەیڕەوی دەکات و ژیانی سوورییەکانی بە بێ بەها داناوە."
لەکۆتاییدا، هەسەدە"حکوومەتی دیمەشق"ی بە بەرپرسیاری تەواوی ئەو کۆمەڵکوژییە زانی و داوای لێ کرد کە "گرووپە چەکدارەکان کۆنترۆڵ بکات و ئاسایشی سوورییەکان لە سەرووی بەرژەوەندییە سیاسی و سەربازییەکانەوە دابنێت."
پێکدادانی و ناکۆکییەکان
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، بەهۆی بۆردوومانەکانی سوپای سووریا پێنج ئافرەت و دوو منداڵ لە گوندی "ئوم تینە" لە ناوچەی دێر حافر لە دەوروبەری حەلەب باکووری سووریا گیانیان لەدەستداوە.
ناوچەی دێر حافر دەکەوێتە سەر هێڵەکانی تەماس لە نێوان هێزەکانی حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات ("هەسەدە")، و بە گوتەی ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری، زوو زوو لەم ناوچانە پێکدادان هێزەکان ڕوودەدات.
ڕۆژی شەممە، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندبوو کە پێکدادان لە ناوچەی دێر حافر ڕوویداوە و "فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی قورسی تێدا بەکارهاتووە،" ئەمەش دوای ئەوەی سوپای سووریا پێگە سەربازییەکانی هەسەدەی کردبووە ئامانج.
لەلایەن خۆیەوە، هەسەدە ڕایگەیاندبوو،"گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق و لایەنگری تورکیا کۆمەڵکوژییەکیان دژی هاووڵاتییانی مەدەنی لە گوندی ئوم تینە ئەنجام داوە."
ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدایە، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا، هەسەدە و حکوومەتی دیمەشق لە 10ی ئاداری ئەمساڵ ڕێککەوتنێکیان بۆ یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان واژۆ کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوان هەر دوو لاوە، بەندەکانی ڕێککەوتنەکە هێشتا جێبەجێ نەکراون.