حەماس پێشوازی لە ڕاگەیەندراوی بەریتانیا وڵاتانی دیکە بۆ ناساندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەکات، ئیسرائیلیش ڕەتی دەکاتەوە

بەرپرسێکی باڵای حەماس پێشوازی لە ڕاگەیەندراوی بەریتانیا و کەنەدا وڵاتانی دیکە بۆ ناساندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەکات؛ هاوکات ئیسرائیل ڕەتی دەکاتەوە ئاماژەی داوە، ئەم ڕاگەیاندراوە خزمەت بە ئاشتی ناکات، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، ناوچەکە زیاتر ناسەقامگیر دەکات

یەکشەممە 21ـی ئەیلوولی 2025، مەحموود مەرداوی، بەرپرسێکی باڵای حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، پێشوازی لە هەوڵی وڵاتانی فەرەنسا، بەریتانیا، کەنەدا و وڵاتانی دیکە بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستینی دەکات، ئاماژەشی داوە، ئەوا سەرکەوتنی مافەکانی فەڵەستینە.

ئەو بەرپرسەی حەماس باسی لەوەش کردووە، گرنگ نییە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل تاوەکوو کەی بەردەوام دەبن و چۆن دەبن، هەرگیز ناتوانێت مافە نیشتمانییەکانمان لە نێو ببات.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە "ئیسرائیل بەتەواوەتی ئەو ڕاگەیاندراوە یەکلایەنەیی بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستینی لەلایەن بەریتانیا و هەندێک وڵاتی دیکەوە ڕەت دەکاتەوە." باسی لەوەش کردووە،"ئەم ڕاگەیاندراوە خزمەت بە ئاشتی ناکات، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، ناوچەکە زیاتر ناسەقامگیر دەکات و دەرفەتەکانی گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە لە داهاتوودا لاواز دەکات."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەگەر ئەو وڵاتانە بەڕاستی خوازیاری ئارامکردنەوەی ناوچەکەن، پێویستە جەخت لەسەر فشارخستنە سەر حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و دەستبەجێ چەکدانان بکەنەوە." ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەو هەڵوێستەی وڵاتان پاداشتی گەورەترین کۆمەڵکوژیی جووەکانە لە دوای هۆلۆکۆستەوە لەلایەن ڕێکخراوێکی تیرۆریستییەوە کە داوای لەناوبردنی ئیسرائیل دەکات و کاری بۆ دەکات، بەڵکوو ئەو پشتیوانییەش پتەوتر دەکات کە حەماس بەدەستی دەهێنێت."

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە هەر یەکە لە بەریتانیا، کەنەدا و ئوسترالیا بە فەرمی ڕایانگەیاند لە سبەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دا دەنێن

 
Fly Erbil Advertisment