قاچاخچێتی نەوت وەک پەتایەک لە عێراقدا بڵاو بووەتەوە

هەمیشە سەرچاوەی داهاتی عێراق تاڵان دەکرێت، حکوومەتیش جاروبار چەند کەسێک بە تۆمەتی بە خاچکردنی نەوت دەستگیر دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژ بە ڕۆژ کاری بە قاچاخبردنی نەوت لە وڵاتەکە ڕوو لە زیادبوونە و بووەتە دیاردە، ئەمەش شکستهێنانی هەوڵی دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکە لە بنبڕکردنی ئەو دیاردەیە دووپات دەکاتەوە.

یەکشەممە 21ـی ئەیلوولی 2025، زافر حوسێنی، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی وزەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە 1ـی تا 21ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ، 49 کەس بە تۆمەتی بە قاچاخبردنی نەوت لە وڵاتەکەدا دەستگیر کراون.

بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی وزە لە عێراق، ئاشکرای کرد، لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا 38 تانکەر و ئۆتۆمبێلی قەبارە جیاواز دەستی بەسەردا گیراوە، کە ئامادە کرابوون بۆ بە قاچاخبردنی نەوت لە سەرجەم پارێزگاکانی وڵات، جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە بەدەرن لەم کارانە.

لە درێژەی قسەکانیدا، زافر حوسێنی، ئاماژەی بەوە کردووە، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگاکانی بەغدا، نەجەف و سەڵاحەددین، باندێکی پێنج کەسی بە تۆمەتی بە قاچاخبردنی نەوت دەستگیر کران، ئەمە جگە لە دەستبەسەرداگرتنی عەمبارێک نەوتی خاو کە 205 ملیۆن لیتر نەوتی تێدا بوو.

جەختی لەوەش کردەوە، پۆلیسی وزە ئێستا ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە دەست گەیشتووە، کە بۆ پاراستنی سەرجەم دامەزراوە نەوتییەکان و بۆرییەکان بەکاری دەهێنێت.

لە لایەکی دیکەوە چاودێران و شاره‌زایانی سیاسی و ئابووریی عێراقی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، قاچاغچێتی نەوتی عێراق زیان بە ناوبانگی وڵاتەکە دەگەیەنێت، هاوكات به‌م هۆیه‌وه‌ چه‌ندین ملیار دۆلار لە داهاتی فەرمی وڵات له‌ ده‌ست ده‌دات.

 
Fly Erbil Advertisment