239 خێزانی زیانبەرکەوتووی جەنگ لە هۆتێلەکاندا دەژین

سەرۆکی ڕێکخراوی خۆپارێزی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی شارەوانیی تاران، ڕایگەیاند، هێشتا 239 خێزانی زیانبەرکەوتووی جەنگی 12 ڕۆژە لە هۆتێلەکاندا دەژین.
عەلی نەسری، سەرۆکی ڕێکخراوی خۆپارێزی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی شارەوانیی تاران، بە ئاژانسی هەواڵی'ئیلنا'ـی ڕاگەیاند "سەرباری هەوڵی بەردەوام بۆ نۆژەنکردنەوە و چاکسازیی خانوو و باڵەخانە زیانلێکەوتووەکانی جەنگی 12 ڕۆژە، هێشتا 239 خێزان لە هۆتێلەکاندا دەژین."
سەبارەت بە دوایین دۆخی نۆژەنکردنەوەی ئەو ماڵانەی لە جەنگی 12 ڕۆژەدا زیانیان بەرکەوتووە، نەسیری گوتی: بەپێی دوایین ئامار، تا کۆتایی مانگی ئابی ڕابردوو، لە کۆی 8520 یەکە، نۆژەنکردنەوەی 8359 دەستی پێ کردووە."
سەرۆکی ڕێکخراوی خۆپارێزی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، گوتیشی: چاکسازیی بچووک لە 5280 یەکە، تەواو بووە، هەروەها بە ڕێژەی %98 کاری چاکسازیی مامناوەند لە 2536 یەکە، بەم نزیکانە کۆتایی دێت. لە چوارباڵەخانەی نیشتەجێبوونیش کاری نۆژەنکردنەوە دەستی پێ کردووە.
نەسری، دەربارەی ئەو خێزانانەی لە هۆتێلەکاندا نیشتەجێ کراون گوتی: لە کۆی 494 خێزانی نیشتەجێ کراوی هۆتێلەکان، ئێستا 239 خێزان لە هۆتێلەکاندا ماونەتەوە و هیوادارین لە ماوەکانی داهاتوودا ئەوانیش بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان.
سەرۆکی ڕێکخراوی خۆپارێزی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، جەختی کردەوە لەوەی "شارەوانیی تاران تا ئەو ڕۆژەی کەسێک لە هۆتێلدا بمێنێتەوە، خەرجیی مانەوەی دەدات. هیچ کەس بە زۆر لە هۆتێل دەرنەکراوە. ئەو کەسانەی کە چارەنووسیان دیاریکراوە و خانووی بەکرێیان بۆ دابین کراوە، بە دڵنیاییەوە دەرفەتێکی گونجاویان بۆ گواستنەوەی کەلوپەلەکانیان پێ دەدرێت. خەرجیی گواستنەوەی کەلوپەل و خەرجیی تۆمارکردنی گرێبەست لە ئەستۆی شارەوانییە. تەنانەت خەرجیی کڕینی کەلوپەل لە فرۆشگای 'شەهرۆند'، تا نزیکەی 250 ملیۆن تومەن، لەلایەن شارەوانییەوە دابین کراوە."
نەسری، لە کوتایی قسەکانیدا گوتی: ئەگەر سەرپێچییەک ڕوو بدات، بە دڵنیاییەوە لێی دەکۆڵینەوە. سەرۆکی شارەوانیی تاران چەندین جار فەرمانی کردووە کە نابێت هیچ کەس بە زۆر لە هۆتێل دەربکرێت. تا ئەو ڕۆژەی کەسێک لە هۆتێلدا بێت، میوانی ئێمەیە و ڕۆژانە سێ ژەمە خواردنی بۆ دابین دەکرێت.