باڵی ئوسوڵگەرا: ڕۆژئاواپەرستان خیانەت لە داهاتووی ئێران دەکەن

دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025، ڕۆژنامەی 'کەیهان'ـی سەر بە باڵی ئوسوڵگەرایان لە وتارێکدا، نووسیویەتی "22 ساڵ دانوستانی بێئاکام، زیانە بەردەوامەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ڤیتۆی ئەم دواییە دژی بڕیارنامەی هەڵگرتنی سزاکان سزاکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەلماندیان پێشنیازی ڕۆژئاواپەرستان بۆ بەردەوامیی گفتوگۆ و دانوستان، تەنیا خەون و خەیاڵی منداڵانەیە. ئەوان کە لایان وابوو ڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) چارەسەری کێشەکانی جیهان دەکات، ئەمڕۆ دووبارە ڕێچکەی ملکەچیی زیاتر بۆ گەلی ئێران دیاری دەکەن."
کەیهان، نووسیویەتی "دەکرێت ڕۆژی 19ی ئەیلوول 2025، بە خاڵی کۆتایی یەکێک لە گرانترین و بێئەنجامترین سەرکێشیی دیبلۆماسیی مێژووی ئێران لە قەڵەم بدرێت. ڕۆژێک کە ئەمەریکا، بەریتانیا و فەرەنسا بە ڤیتۆکردنی بڕیارنامەی "هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان" بە فەرمیی، مردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) و بڕیارنامەی 2231 یان ڕاگەیاند.
ئەم ڕووداوە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە تیۆریی 'ملکەچیی بەرانبەر ڕۆژئاوا' جگە لە سووکایەتیی ئێران و زیادبوونی فشار و زێدەخوازیی دوژمن، هیچ سوودێکی نییە."
گفتوگۆ و متمانەی یەک لایەنە
22 ساڵ گفتوگۆ و متمانەسازیی یەکلایەنە بەرانبەر خیانەتی دووبارەی ڕۆژئاوییەکان، تەنیا بە ژمارەیەکی پێوانەیی شکستی دیبلۆماسیی لە قەڵەم دەدرێت. کام مرۆڤی ژیر ئەوە قبووڵ دەکات کە دەرەنجامی لۆجیکیی پاشەکشە، چاککردنی ڕەفتاری دوژمن بیت؟ ئەزموونی سیاسی سەلماندوویەتی هەر پاشەکشەیەکی ئێمە، پاوانخوازیی وبوێریی دوژمنی زیاتر کردووە.
زیاتر لە دوو دەیە، ڕەوتی ڕۆژئاواپەرستان بە بەڵێنی پووچی متمانەسازی و پاشەکشەی یەک لەدوای یەک، وڵاتەکەی تووشی ڕێڕەوێکی لاواز کرد. لەم 22 ساڵەدا، ئێران چەندین جار متمانەسازی و نیازپاکیی گەورە و ستراتیجیی نیشان دا؛ لە هەڵپەساردنی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە تا قبووڵکردنی سنووردارکردنی توند لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا. بەڵام ئەنجام چی بوو؟ جارێک پێمان گوترا 'تەوەری شەڕ' جارێکی تر ڕووبەڕووی لێشاوی بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی دادوەران و ئەنجوومەنی ئاسایش بووینەوە و لە کۆتاییدا هەمان ئەو ڕێککەوتنەی کە ڕۆژئاواپەرستان بە 'سەرکەوتنی هەرە مەزن' ناویان دەبرد، بە دەستی خودی ڕۆژئاوا دڕێنرا.
وڕێنەی منداڵانەی ڕۆژئاواپەرستان
دوای ڤیتۆکەی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی ئاسایش، جارێکی دیکە شایەتحاڵی ئەوە بووین ڕۆژئاواپەرستانی ناوخۆ لەسەر وڕێنەی منداڵانەیان بەردەوامن؛ عەلی موتەهەری، لە لێدوانێکی سەیردا دەڵێت "ئەگەر ترەمپ داوای دیداری لەگەڵ پزیشکیان بکات، سەرەڕای دووڕوویی و درۆزنییەکەی، دەبوو سەرۆک کۆمارەکەمان لەبەر خاتری بەرژەوەندییەکانی گەل قبووڵی بکات. کەسایەتیی خۆبەزلزانانەی ترەمپ و ئەوەی دەیەوێت هەموو شتێک بە ناوی خۆیەوە کۆتایی پێ بهێنێت، لەوانەیە بە سوودی ئێران تەواو بێت."
مەحموود سەریعولقەلەم، تیۆریداڕێژەری ڕەوتی خۆبەدەستەوەدان، پێشنیازی کردووە "لەبری دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا و ئەورووپا، پێویستە پەیوەندیی بە جووەکانی نیویۆرکەوە بکرێت و دڵنیا بکرێنەوە لەوەی ئێران نیازی لەناوبردنی ئیسرائیلی نییە!"
مەرعەشی، سکرتێری گشتیی حزبی کارگوزاران، پێشتر گوتبووی "ئەگەر حەسەن ڕۆحانی ئامادە بووایە سڵاوێک لە ترەمپ بکات، هەموو گەمارۆکان هەڵدەگیران!"
کەرباسچیش دەڵێت "پزیشکیان لەم ساڵەدا باشتر لە هەرکەسێکی دیکە تێگەیشتووە بارودۆخی وڵات لە ڕووی کۆمەڵایەتی، ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەوە لە ساڵی 1988 خراپترە، بۆیە دەبێت پزیشکیان دەسەڵاتی تەواو لە ڕێبەر، بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ترەمپ وەربگرێت."
ئەم لێدوانانە، نەک هەر نیشاندەری نامۆبوونی ئەم تاقمەیە لەگەڵ ڕاستییەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەڵکو جارێکی دیکە دەیسەلمێنێت ڕۆژئاواپەرستان هێشتا سڵاوێک، گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی و دڵنیاکردنەوەی ئیسرائیل، وەک چارەسەریی بنەڕەتیی ئابووری و سیاسی بۆ گەلی ئێران پێشنیاز دەکەن.
ڕێبازی شکست
ئێستە دەبێ لە بەڕێزانە بپرسین، تاکەی بڕوا بە خەون و خەیاڵی ئێوە بکەین و لە سەر ڕێبازی لە شکستێکەوە بۆ شکستێکی تر بەردەوام بین؟
گەلی ئێران، ئەمڕۆ لە هەر کاتێک باشتر لەو ڕاستییە گەیشتووە کە تەنیا ڕێگەی ڕاست، خۆڕاگریی و پشتبەستنە بە توانستە ناوخۆییەکان و پەیڕەوکردنی دیپلۆماسییەکی هاوسەنگە لەگەڵ هێزە سەربەخۆکان.
ڕۆژئاواپەرستان ئەگەر تۆزقاڵێک ڕاستگۆییان تێدا مابێت، دەبێت دان بەوەدا بنێن کە خەونەکانیان نەک هەر منداڵانەن، بەڵکوو خیانەتن لە داهاتووی گەلی ئێران.