ئەمەریکا خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ دەستگیرکردنی هاوکارێکی حزبوڵڵای لوبنانی دیاریکردووە

عەلی قەسیر ئەو کەسەیە کە ئەمەریکا خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ داناوە، ڕایگەیاندووە، ئەو تۆماتبارە پۆستەکەی لە گرووپی کۆمپانیاکانی تەلاقی بۆ هاوکاریی دارایی حزبوڵڵا بەکارهێناوە.
بەرنامەی "پاداشت لەپێناو دادپەروەری" لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2025، لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردەوە، داوای زانیاری لەسەر عەلی قەسیر ئەندامی باڵای گرووپی کۆمپانیاکانی تەلاقی کرد.
عەلی قەسیر، تۆمەتبارە بەوەی کە پێگەی خۆی لە کۆمپانیاکە بەکارهێناوە بۆ هاوکاریی حزبوڵڵا و فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، بۆ بەدەستهێنانی پارە و خۆدزینەوە لە سزاکان، لەڕێگەی فرۆشتنی نەوت و پۆڵا و کاڵای نایاسایی، هەروەها چالاکییە داراییەکانی نێوان حزبوڵڵا و سوپای پاسدارانی ڕێکخستووە.
بەرنامەکە دووپاتی کردەوە، هەرکەسێک زانیاری لەسەر عەلی قەسیر، یان ئەو تۆڕە داراییانەی حزبوڵڵا، یان چالاکییە پەیوەندیدارەکانی هەبێت، دەتوانێت لەڕێگەی کەناڵە دیاریکراوەکانەوە پەیوەندییان پێوە بکات و خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاریان پێدەدرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پاداشتی دارایی پێشکەشی ئەوکەسانە دەکات کە زانیاریی لەسەر کەسە داواکراوەکان لەلایەن ئەمەریکاوە دەدات، تاوەکو دەستیگیریان بکات.