ترەمپ: گۆڕانی کەشەوهەوا گەورەترین فێڵی نەتەوە یەکگرتووەکانە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا باسی لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، ئاگربەستی غەززە، پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، پشێنیازەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دۆخی ئابووری و کۆچبەران لە جیهان کرد.

سێشەممە 23ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە گوتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی:ئەمەریکا ئێستا بەهێزترین ئابووری، سوپا و هاوپەیمانانەی هەیە، ئەو خولەی سەرۆکایەتی خۆم سەردەمی زێڕینی ئەمریکایە، ئیدارەی پێشووی کارەساتێکی ئابووری سەخت بۆ ئێمەی بە جێ هێشتبوو، بایدن لە چوار ساڵدا وەک سەرۆکی ئەمەریکا بە بەهای کەمتر لە یەک ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی کردبوو، بەڵام ئێمە لە هەشت مانگ بە بەهای 17 ملیار دۆلار وەبەرهێنانن کردووە.

هەروەها گوتی: "لەژێر سەرکردایەتی مندا، تێچووی وزە، نرخی بەنزین و پێداویستییە خۆراکییەکان دابەزیوە. ڕێژەی سوودی قەرزی خانووبەرە دابەزیوە و هەڵاوسان نەماوە. تەنیا شتێک کە بەرزبوونەتەوە بازاڕی پشکەکانە، کە تازەترین ئاستی بەرزیی پێوانەیی تۆمار کردووە."دەشڵێت: کۆچبەر وڵات وێران دەکات، بۆیە دەبێت کارێک بکەیت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ببیتەوە."

ترەمپ باسی لەوەش کرد، لە حەوت مانگ حەوت جەنگی زۆر مەترسیداری ڕاگرت، بەشێکیان زیاتر لە 35 ساڵە بەردەوام بوون، ئەوانیش پێک هاتبوون لە کەمبۆدیا و تایلەند، کۆسۆڤۆ و سربیا، کۆنگۆ و ڕواندا، پاکستان و هیندستان، ئیسرائیل و ئێران، میسر و ئەسیوپیا، ئەرمینیا و ئازەربایجان.

لە گوتارەکەیدا ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو "لە کاتێکدا من هەوڵم دەدا ژیانی حەوت ملیۆن کەس بپارێزم، نەتەوە یەکگرتووەکان پشتی لە من کرد، لە کاتێکدا ئەوا ئەرکی ئەوانە؛ سەرەڕای ئەوەی توانایەکی گەورەیان هەیە، بەڵام تەنیا شتێک کە دەیکەن ئەوەیە کە نامەی بەهێز دەنووسن، بەڵام ئەو نامە بەتاڵانە شەڕ چارەسەر ناکات."

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، دوای ئەوەی ئەو هەموو شەڕەی ڕاگرت و دانوستان لەسەر ڕێککەوتنەکانی ئەبراهامی دەستی پێکردووە، خەڵک دەڵێن پێویستە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەربگریت.

ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت

ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت هەرگیز ڕێگە بە ئێران بدرێت "مەترسیدارترین چەک" (مەبەستی چەکی ئەتۆمییە) بەدەست بهێنێت. ئاماژە بەوە دەکات کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا، نامەیەکی بۆ ڕێبەری باڵای ئێران ناردووە و پێشنیازی "هاوکاریی تەواوی" کردووە لە بەرامبەر ڕاگرتنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێراندا، بەڵام دەڵێت وەڵامی ڕژێمی ئێران بەردەوامبوون بووە لەسەر هەڕەشەکانی.

ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەڵەستین خەڵاتکردنی حەماس لە بەرانبەر ‌هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023

لەبارەی حەماس و ئاگربەستی غەززە، ترەمپ باسی لەوە کرد "وەک هەمووان دەزانن، من بە قووڵی کارم کردووە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە بکرێت، دەبێت ئەو ئاگربەستەش ئەنجام بدرێت، ئاماژەشی دا، حەماس بەردەوام پێشنیازە گونجاوەکانی بۆ ئاشتی ڕەت کردووەتەوە.

هاوکات سەبارەی بە دەوڵەتی فەڵەستین ئاماژەی بەوە دا، هەندێک لە ئەندامانی ئەم ئەنجوومەنە هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکی تاکلایەنە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن، ئەمەش، وەک ئەوەی هانی بەردەوامیی ناکۆکییەکان بدەن، ئەو بڕیارە پاداشتێکی زۆر گەورەیە بۆ حەماس لە بەرانبەر کارە دڕندانەکانیاندا. ئەمە دەبێتە پاداشت بۆ ئەو هێرشانەی بە 7ی ئۆکتۆبەر کردی."

ڕووسیا ڕیککەوتن نەکات گەڕێکی دیکە باجی گومرگی بەسەر دەسەپێنم

لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا، ترەمپ گوتی:"هەمووان وایان دەزانی ڕووسیا لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئەم جەنگە دەباتەوە و تەنیا پێکدادانێکی بچووکی دەبێت، بەڵام بەو شێوەیە دەرنەچوو. ئەمەش وا دەکات ڕووسیا خراپی دەربکەوێت.

هەروەها ئاماژەی دا، چین و هیندستان لە ڕێگەی کڕینی نەوتی ڕووسیا پاڵپشتی سەرەکیی دارایی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکەن، ئەمەش جێگای قبووڵکردن نییە، تەنانەت وڵاتانی ناتۆش لە کڕینی بەرهەمەکانی ڕووسیا نەوەستاون ئەمەش جێگای دڵخۆشی نییە.

ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، ئەورووپا لە کاتێکدا شەڕی ڕووسیا دەکەن، لەولاوە نەوت و غازی لێدەکڕن، ئەوەش جێگای شەرمەزارییە بۆ ئەوان.

سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتیشی کردەوە، لە ئەگەری ئەوەی ڕووسیا ئامادە نەبێت ڕێککەوتنێک بکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئەوا ئەمەریکا بە تەواوی ئامادەیە بۆ سەپاندنی گەڕێکی دیکەی باجی گومرگیی بەسەر ئەو وڵاتە، کە پێم وایە دەبێتە هۆی ئەوەی زۆر بەخێرایی ئەو جەنگە ڕاگرێت، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو باجانە کاریگەر بن، دەبێت وڵاتانی ئەورووپا، لە جێبەجێکردنی هاوکار بن.

کۆچبەری نایاسایی ئەورووپای داگیر کردووە، کەسیش هیچ ناکات

سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی لێشاوی کۆچبەرە نایاساییەکان بۆ ئەورووپا گوتی:"ئەورووپا لە کێشەیەکی جددیدایە، لەلایەن هێزێکی بیانی نایاساییەوە داگیرکراوە کە کەس پێشتر شتی وای نەبینیوە، خەڵکە بیانییە نایاساییەکان بە لێشاو دەچنە ئەورووپا، سەیرە، کەس هەرگیز هیچ شتێک بۆ گۆڕینی دۆخەکە و دەرکردنیان ناکات.

لەوبارەوە ترەمپ رەخنە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێت و دەڵێت: ئەوان پشتگیری لە کۆچی نایاسایی دەکەن. 

گۆڕانی کەشەوهەوا گەورەترین فێڵی نەتەوە یەکگرتووەکانە

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا ترەمپ ڕەخنە لە پێشنیازەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گرت و گوتی: لە ساڵی 1982، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی کرد کە تا ساڵی 2000، گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی کارەساتێکی جیهانی وەک کارەساتێکی ئەتۆمی دەبێت، بەڵام هیچ ڕووی نەدا ئەوەتا ئێمە لێرەین.

دەشڵێت: بەرپرسێکی تری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1989 ئاماژەی دابوو کە لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوو دا، بەهۆی گەرمبوونی جیهانەوە، ژیان لەسەر زەوی دەسڕێتەوە، ئەویش ڕووی نەدا. زۆربەی ئەو پێشنیازانەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان کراون، زۆر جار ، هەڵە بوونە."

گوتی: "ئەم گۆڕانی کەشوهەوایە، بەڕای من، گەورەترین فێڵە کە تا ئێستا لە جیهاندا کرابێت." ڕوونیشی کردەوە، "ئیتر نە گەرمبوونی جیهانی هەیە و نە ساردبوونەوەی جیهانی. هەموو ئەو پێشنیازانەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆرێکی ترەوە کراون، هەڵە بوون. ئەوانە لەلایەن کەسانی گەمژەوە کراون کە سامانی وڵاتەکانیانیان بەهەدەر داوە و هیچ دەرفەتێکیان بۆ سەرکەوتن بەو وڵاتانە نەهێشتووەتەوە. ئەگەر لەم فێڵە دوور نەکەونەوە، وڵاتەکەتان شکست دەهێنێت."

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment