بانکی ناوەندی عێراق دابەزاندنی بەهای دینار رەتدەکاتەوە
"سیاسەتی داراییمان روون و ئاشکرایە"
K24 - ھەولێر
بەهای دۆلار لە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەی تۆمارکرد، بە جۆرێک بەهای 100 دۆلار ئەمەریکی بۆ 129 هەزار دیناری عێراقی بەرزبووەوە.
لەو بارەیەوە ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا رەتیدەکاتەوە بەهای دیناریان بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی دابەزاندبێت.
جەختدەکاتەوە، کە نرخی خستنەڕوو جێگیرە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، لە هەمانکاتدا سیاسەتی نەختینەییان روون و ئاشکرایە.
لە راگەیەندراوەکەی بانکی ناوەندیدا هاتووە، کە یەدەگی دراوی بیانی عێراق زۆر باشە و کەم نییە.
بە گوێرەی داتاکانی بانکی ناوەندی عێراق، 100 دۆلاریان بە 119 هەزار خستووەتە بازاڕەوە، بەڵام شارەزایان ئاماژە بەوەدەدەن هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار ئەو دۆخە ئاڵۆز و ناڕوونەیە کە بەرۆکی عێراقی گرتووە، بە تایبەت ئەو قەیرانانەی بەردەوام رووبەڕووی وڵاتەکە دەبێتەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی بەهای دراو، کەمبوونەوەی قەبارەی قورسە لە یەدەگی وڵات، کە بەهۆی کەمبوونەوەی نرخی نەوت و پابەندی بەغدا بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، دۆلاری کەمتری دەستدەکەوێت.