بریندارێکی دیکەی ئاگرەکەی پێنجوێن گیانی لەدەستدا

دوای ئەوەی لە کۆتاییەکانی مانگی ئابی ئەمساڵ ئاگرێکی فراوان لە سنووری گوندەکانی دەورووبەری پێنجوێن کەوتەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و هاووڵاتیانی خۆبەخش چوونە شوێنی ڕووداوەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، دواجار دووگەنج بریندار بوون و سووتان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاسان محەممەد، پەیامنێری کوردستان24 لە هەڵەبجە، 'ئالان یوسف' یەکێکە لە بریندارەکانی ڕووداوی ئاگرەکە، نزیکەی مانگێکە لەنەخۆشخانەی سووتان لە سلێمانی ماوەتەوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2025، گیانی لەدەستدا.
گوتیشی: زیانەکانی ئاگرەکە بە سووتانی نزیکەی شەش هەزار دۆنم پوش و پاوان و دارستان لە سنوری گوندەکانی هەڵاڵاوا و کێلو و مەسۆ مەزەندە دەکرێت.
شەممە 30ـی ئابی 2025، هێمن ئیبراهیم، قایمقامی پێنجوێن تایبهت به كوردستان24 گوتبووی: بە هاوکاری تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، هەروەها بەرگریی شارستانی و هاووڵاتییانی خۆبەخش توانرا ئاگرەکەی سنووری پێنجوین کۆنترۆڵ بکرێت.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاندبوو، کەسێکیان بە تۆمەتی تێوەگلان لە کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستگیر کردووە.
لە کۆتاییەکانی ئابی ئەمساڵ دا ئاگرێکی فراوان لە سنووری گوندەکانی دەوروبەری شاری پێنجوێن کەوتەوە و بەهۆی سووتانی پوش و پاوان دارەکانی بەرزاییەکان، ڕووبەرێکی زۆر سروشتی ناوچەکە سووتا.