پیسکۆڤ بۆ ترەمپ: ڕووسیا ورچە نەک پڵنگی کارتۆنی

گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) وەڵامی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەداتەوە و پێی دەڵێت: تۆ هەڵەی، ڕووسیا پڵنگ نییە، بەڵکو بە ورچ ناسراوە و ورچی کارتۆنیش نییە.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی ئاڕ بی سی ڕووسی ڕاگەیاند " لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان و گەیشتن بە ئامانجەکانی سەرۆک ڤلادیمیر پوتن، درێژە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکانمان دەدەین.
دەشڵێت "ئێمە جەنگ بۆ پاراستنی ئێستا و ئایندە و نەوەی داهاتوو دەکەین، بۆیە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە".
دیمیتری پیسکۆڤ، وەڵامێکی توندی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەداتەوە، کە لە تروس سۆشیاڵدا ڕووسیای بە "پڵنگی کارتۆنی" ناوبردووە و پیسکۆڤ دەڵێت "ڕووسیا پڵنگ نییە و بە ورچ ناسراوە، بەڵام ورچی کارتۆنی نییە"، مەبەستی ئەوەیە کە وڵاتەکەی وەک ناوبانگەکە ورچێکی ڕاستەقینەیە و لە هیچ مەترسییەک سڵ ناکاتەوە.
ترەمپ لە پەیامێکدا لە تروس سۆشیالدا، گومانی لەبارەی توانا سەربازیی و ئابوورییەکانی ڕووسیا دەربڕیوە و نووسیویەتی"پڵنگێکی کارتۆنییە" و سێ ساڵ و نیوە بەبێ هیچ ئامانجێک جەنگی دژ بە ئۆکرانیا بەرپا کردووە، بەڵام کیێڤ زۆر بە ئاسانی دەتوانێت بە یارمەتی وڵاتانی ئەورووپا و هاوپەیمانی ناتۆ، هەموو خاکەکەی بەدەستبهێنێتەوە ".
جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێکرد و بە گەورەترین جەنگی ئەورووپا دادەندرێت لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، تا ئێستا سەدان هەزار کەس بوونەتە قوربانی جەنگەکە.