زێلێنسکی: ئەو وڵاتانەی لە جەنگدان تەنیا دەبێت چاوەڕێ بەیاننامە لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکەن

سەرۆکی ئۆکرانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەمان قسەی سەرۆکی ئەمەریکا دووپات دەکاتەوە کە گوتبووی، نەتەوە یەکگرتووەکان جگە لە ناردنی نامە ناتوانێت هیچ کارێک بکات، دەشڵێت، هەبوونی هاوپەیمانێکی بەهێز، لە یاسا نێودەوڵەتییەکان گرنگترە.

چوارشەممە 24ـی ئەیلوولی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە گوتارەکەی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەو وڵاتانەی لە جەنگدان، وەک سوودان، سۆماڵ و فەلەستین، لە ڕاستیدا تەنیا دەتوانن چاوەڕێی "بەیاننامە" لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکەن. ئاماژەی بەوەدا کە بۆ دەیان ساڵ، وەڵامی سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ململانێ جیاوازەکان زیاتر قسەکردن بووە نەک کرداری ڕاستەقینە، گوتیشی: یاسا نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ ناکرێت، تاوەکوو هاوبەشێکی بەهێز پشتگیریت نەکات.

هەروەها سەرۆکی ئۆکرانیا باسی لەوە کرد، زۆر جار هێزی سەربازی و هاوپەیمانێتییە بەهێزەکان کاریگەرییان زیاترە لە یاسای نێودەوڵەتییەکان؛ دەشڵێت: "نەک یاسای نێودەوڵەتییەکان و هاوکارییەکان بەڵکوو چەک بڕیار دەدات کێ دەمێنێتەوە."

ئاماژەشی دا، ڕووسیا دەیەوێت هەمان کار لەگەڵ مادۆڤا بکات، کە ئێران لەگەڵ لوبنانی کرد، کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەکوو پێویست نەبووە، هاوکات خەریکە ئەورووپا جۆرجیاش لە دەست دەدات.

باسی لەوەش کرد "ئۆکرانیا توانای دروستکردنی مووشەکی بەهێزی نییە، وەکوو هەندێک لەو وڵاتە زلهێزەکان کە لە نمایشە سەربازییەکاندا نیشانی دەدەن، بەڵام ئێمە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان هەیە کە دەتوانن دوو بۆ سێ هەزار کیلۆمەتر بفڕن. هیچ بژاردەیەکی ترمان نەبوو جگە لە دروستکردنیان."

سەرۆکی ئۆکرانیا هۆشدارییەکی توندی دا لەبارەی گۆڕانی سروشتی جەنگەوە بەهۆی تەکنۆلۆژیای درۆنەوە و ڕایگەیاند:"ئێستا دەیان هەزار کەس دەزانن چۆن بە شێوەیەکی پیشەگەرانە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خەڵک بکوژن. ڕاگرتنی ئەو جۆرە هێرشە زۆر قورسترە لە ڕاگرتنی هەر چەکێک، چەقۆیەک یان بۆمبێک."

ئەوەشی خستەڕوو، تەنانەت فڕۆکە بێفڕۆکەوانە سادەکانیش دەتوانن هەزاران کیلۆمەتر بفڕن. ئێستا تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە تواناشیان سنووردارە، دەتوانن چەکێک دروست بکەن کە مەترسیدار بێت بۆ دراوسێکانیان.