هەشت ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمی مێژوویی کوردستاندا تێدەپەڕێت

هەشت ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمی مێژوویی کوردستاندا تێ پدەپەڕێت و دەنگدانیش بە "بەڵێ" وەک بەڵگەیەکی زێڕین بۆ تا هەتایە دەمێنێتەوە.

 هەشت ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لە 25ی ئەیلوولی 2017، گەلی کوردستان لە باشووری کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە جۆش و خرۆشەوە ڕوویان لە سندوقەکانی دەنگدان کرد بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان لە ڕیفراندۆمێکی مێژووییدا. 

ئەنجامەکان گوزارشت بوون لە ویستی زۆرینەی خەڵک، کە بە ڕێژەی 92.7% دەنگیان بە "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی دا. ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی ئەو ڕۆژە دەکرێتەوە، هێشتا ڕیفراندۆم وەک کارتێکی بەهێزی سیاسی و بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر لە دەستی کورددا ماوەتەوە.

هۆکارەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم

بیرۆکەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، لە ناکۆکییە کەڵەکەبووەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراقەوە سەرچاوەی گرت. پێشێلکردنی بەردەوامی دەستوور لەلایەن بەغداوە، بەتایبەت جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان، بڕینی بودجەی هەرێم لە ساڵی 2014، و پشتگوێخستنی پرەنسیپەکانی هاوبەشی و هاوسەنگی، وایکرد سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بە ڕابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، بیر لە جێگرەوەی دیکە بکاتەوە.

لە 7ی حوزەیرانی 2017، لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی و بە بەشداری زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیار درا ڕۆژی 25ی ئەیلوول وەک وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دیاری بکرێت. سەرۆک بارزانی، کە وەک داینەمۆ و ڕابەری پرۆسەکە ناسراوە، بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە کە گەلی کوردستان مافی ڕەوای خۆیەتی بڕیار لەسەر داهاتووی خۆی بدات و ئەم پرسە لە ڕێگەیەکی ئاشتیانە و دیموکراتیانەوە یەکلایی بکاتەوە.

کاردانەوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕووبەڕووی دژایەتی و فشاری زۆری نێودەوڵەتی و هەرێمی بووەوە. وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت تورکیا و ئێران، شانبەشانی حکوومەتی عێراق، بە توندی دژی ئەم هەنگاوە وەستانەوە. هەروەها زلهێزەکانی جیهان، لەوانە ئەمەریکا و بەریتانیا، داوای دواخستنی پرۆسەکەیان دەکرد بە بیانووی کاریگەری لەسەر شەڕی دژی داعش. 

سەرەڕای هەموو فشارەکان، سەرکردایەتی کوردستان سوور بوو لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، چونکە بڕوایان وابوو ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ گەیاندنی دەنگی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان بە جیهان.

ڕۆژی دەنگدان و ئەنجامەکان

لە بەرەبەیانی 25ی ئەیلوولدا، هاووڵاتییان بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و ڕەنگەکانیانەوە، ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، زیاتر لە 3 ملیۆن و 305 هەزار کەس بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کرد، کە دەکاتە ڕێژەی 72%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو. لە ئەنجامدا، 92.73%ی بەشداربووان بە "بەڵێ" دەنگیان دا، لە بەرامبەردا تەنیا 7.27 % بە "نەخێر" دەنگیان دا.

دەرئەنجامەکان و ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆم

هەرچەندە ڕیفراندۆم وەک دەستکەوتێکی مێژوویی و نیشتمانی بۆ گەلی کوردستان تۆمار کرا، بەڵام ڕووداوەکانی دواتر بە ئاراستەیەکی چاوەڕواننەکراودا ڕۆیشتن. حکوومەتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی، فشارێکی زۆری سیاسی، ئابووری و سەربازی خستە سەر هەرێمی کوردستان. 

گەمارۆی ئاسمانی، داخستنی دەروازە سنوورییەکان، و لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017، هێرشی سەربازی بۆ سەر کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە، بووە هۆی لەدەستدانی نزیکەی 51%ی خاکی باشووری کوردستان.

ڕیفراندۆم وەک کارتێکی بەهێز بۆ داهاتوو

سەرەڕای هەموو لێکەوتە نەرێنییەکان، چاودێرانی سیاسی و پسپۆڕانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ڕیفراندۆم وەک بەڵگەیەکی مێژوویی و کارتێکی بەهێزی سیاسی لە دەستی کورددا دەمێنێتەوە.

سامان سۆرانی، چاودێری سیاسی، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: "گەلی کوردستان دەتوانێت ئەو کارتە وەک بەڵگەیەکی مێژوویی هەموو کاتێک بەکاری بهێنێت، کە گەلی کورد بوونی هەیە و ڕیفراندۆمی کردووە و بە دەنگی بەڵێ دەنگی بۆ سەربەخۆیی داوە."

پەروێز ڕەحیم، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، جەخت لەسەر ڕەوایەتی مافی کورد دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەم گشتپرسییە فۆڕمێکە تۆ بە جیهانی دەرەوە دەڵێیت چیت دەوێت... کورد بۆ مووچە و دەسەڵات ڕیفراندۆمی نەکردووە، بۆ پرسێک بەناوی سەروەری نەتەوەیی دەنگی داوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا بەرجەستە بێت."

لە هەشتەمین ساڵیادی ئەم بۆنە مێژووییەدا، دەنگی "بەڵێ"ی گەلی کوردستان هێشتا لە گوێی مێژوودا دەزرنگێتەوە و وەک خەون و ئامانجێکی لەیادنەکراو بۆ نەوەکانی داهاتوو دەمێنێتەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment