جووتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجە: وشکەساڵی کاریگەریی کردووەتە سەر بەرهەمی هەنار
هەڵەبجە، کە بە هەنارە بەتام و ئاوییەکەی ناوبانگی دەرکردووە، بەتایبەتی جۆری "ساڵەخانی"، نزیک دەبێتەوە لە وەرزی لێکردنەوەی بەرهەمەکەی.
بە شێوەیەکی گشتی وەرزی پێگەیشتنی هەناری هەڵەبجە لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم دەستپێدەکات و تا ناوەڕاستی مانگی شوبات بەردەوام دەبێت.
ئازاد محەممەد، کە بە "جووتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجە" ناسراوە، بە ئاسان محەممەد، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "وشکەساڵی کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر چەندین شوێن هەبووە، بە تایبەت ئەو زەوییانەی کە لم و چەون یان لەسەر لاپاڵ و لێژایی دان. ئەم کاریگەرییە بووەتە هۆی دواکەوتنی پێگەیشتنی هەنار لەو ناوچانە و تەنانەت چەند دارێکیش وشک بوون."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، دۆخەکە لە باخێکەوە بۆ باخێکی دیکە جیاوازە. بۆ نموونە، ئەو لە باخەکەی خۆیدا شێی پێویستی بۆ دارەکان دابین کردووە و بەو هۆیەشەوە هەنارەکانی پێگەیشتوون.
لەلایەکی دیکەوە، ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە، بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوودا توانراوە بڕێک لە بەرهەمی هەنار و چەند بەرهەمێکی دیکەی کشتوکاڵی ڕەوانەی بازاڕەکانی دەرەوە بکرێت. ئەو هیوای خواست ئەم هەنگاوانە بەردەوام و فراوانتر ببن و هەناردەکردن بۆ هەموو ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانە بەردەوام بێت کە ئاستی بەرهەمهێنانیان لە پێداویستیی ناوخۆ زیاترە و جووتیاران دەرفەتی ساغکردنەوەیان نییە.
هەڵەبجە و دەشتی شارەزوور نزیکەی 80 هەزار دۆنم زەویی گونجاویان بۆ دارچاندن هەیە. ساڵانە پارێزگای هەڵەبجە 35 هەزار تۆن هەنار بەرهەم دەهێنێت. داری هەنار لە دوو بۆ پێنج مەتر بەرز دەبێت و لە هەلومەرجی گونجاودا تەمەنی دەگاتە 150 ساڵ.
هەنار بووەتە ناسنامەی هەڵەبجە و ساڵانە گەورەترین فێستیڤاڵ بۆ ئەم بەرهەمە لە پارێزگاکەدا بەڕێوەدەچێت، کە هەزاران گەشتیار و سەردانیکەر بۆ بینینی ئەم فێستیڤاڵە ڕوو لە هەڵەبجە دەکەن.