یوێفا دەیەوێت ئیسرائیل لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپا دووربخاتەوە
هەفتەی داهاتوو بڕیار دەدرێت

هەفتەی داهاتوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا لەبارەی دوورخستنەوەی ئیسرائیل تەواوی خول و پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپا بڕیار دەدات.
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی ئاشکرایکردووە، چەند ئەندامێکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا پێشنیازیان کردووە بەهۆی شەڕی غەززە بڕیاری دوورخستنەوەی ئیسرائیل لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپا بدرێت، هەفتەی داهاتوو یوێفا لەبارەی ئەم پێشنیازەوە بڕیار دەدات، بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە بەریتانییەکە زۆربەی ئەندامانی یوێفا پشتگیری بڕیاری دوورخستنەوەی هەڵبژاردە و یانەکانی ئیسرائیل دەکەن.
Most members of Uefa's executive committee are understood to be in favour of banning Israel, who are third in their World Cup qualifying group, over situation in Gaza
— Times Sport (@TimesSport) September 25, 2025
✍️ @martynziegler
مارتین زیگلەر رۆژنامەنووسی بەریتانی لە تایمز ئاشکرایکردووە، هەفتەی داهاتوو ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا لەبارەی بڕیاری دوورخستنەوەی ئیسرائیل دەنگ دەدەن، ئەگەر ئەم پێشنیازە ببێتە بڕیار، ئەوا هەڵبژاردەی ئیسرائیل لە پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 دوور دەخرێتەوە کە ئیسرائیل لە کۆمەڵەی نۆیەم لە پلەی سێیەم دێت و لەدوای نەرویج و ئیتاڵیا دێت، یانەکانی ئیسرائیلیش لە خول و پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپا سڕ دەکرێن کە یانەی ماکابی تێل ئەڤیڤ لە یۆرۆپالیگ نوێنەرایەتی یانەکانی ئیسرائیل دەکات.
پێشتر یوێفا بڕیارێکی لەمشێوەیەی داوە و ساڵی 2022 بەهۆی شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، یوێفا بڕیاریدا سەرجەم یانە و هەڵبژاردەکانی رووسیا لە خول و پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپا دووربخاتەوە.