بەقایی: ئەمەریکا خاوەن بەڵێنی خۆی نییە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند، بانگەشەی ئەمەریکا سەبارەت بە خواستی گەڕانەوە بۆ ڕێبازی دیپلۆماسی، جگە لە فێڵ و ناکۆکییەکی ئاشکرا هیچی تر نییە.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، لە کاردانەوەیدا بەرامبەر بە تۆمەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دژی ئێران لە میانی وتارەکەیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، نووسیویەتی "بە ناڕەوا تۆمەتبارکردنی ئێران، هەرگیز ناتوانێت هاوبەشی و بەشداریی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا لە کۆمەڵکوژیی بەردەوامی فەڵەستینییەکان، تیرۆریزمی ڕێکخراو و دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتان پەردەپۆش بکات."
بەقایی، لە درێژەی پەیامەکەیدا، نووسیویەتی "هێرشی نایاسایی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران، بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتیی حکوومەتی ئەمەریکا بەهۆی ئەم کردەوە تاوانکاری و دەستدرێژیکارانەیە قورستر دەکات و زیاتر لە پێشوو قین و دوژمنایەتیی قووڵی دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا بەرانبەر بە ئێران، ئاشکرا دەکات."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت: بانگەشەی ئەمەریکا سەبارەت بە خواستی بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێبازی دیپلۆماسی، جگە لە فێڵ و ناکۆکییەکی ئاشکرا هیچی تر نییە؛ ناتوانرێت هاوکات لەگەڵ دانوستانە دیپلۆماسییەکاندا وڵاتێک بۆردومان بکرێت و باس لە کاری دیپلۆماسیش بکرێت.