پێشەوا هەورامانی: دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکرێت

دوای ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵ و سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی پشوودرێژانە سەرپەرشتیی تیمی حکوومەتی کرد بۆ ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.
پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، دەست بە ناردنەدەرەوەی نەوت دەکرێت و لە ڕووی تەکنیکییەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەیە بۆ ئەوەی نەوتەکە بنێردرێتە دەرەوە و بدرێتە کۆمپانیای سۆمۆ.
هەورامانی ستایشی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکات و دەڵێت: سەرۆک وەزیران پشوودرێژانە سەرپەرشتیی تیمی حکوومەتی کرد بۆ ڕێکەوتنی دەستپێکردنەوەی ناردنەدەرەوەی نەوت.
گوتیشی: ئەم پرۆسەیە هەنگاوێکی باش و گرنگەو پاڵنەر و هاندەر دەبێت بۆ ئەوەی لە پرسی داهاتی نانەوتیش، لەگەڵ حکوومەتی عێراق بگەینە ڕێککەوتنی کۆتایی.
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆ مەبەستی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ڕێککەوتین.
وەزارەتەکە میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی ڕوونکردەوە و باسی لەوە کرد، تەواوی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، کۆمپانیاکەش لە ڕێگەی بەندەری جەیهان هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی دەکات، جگە لەو نەوتەی کە هەرێمی کوردستان لە نێوخۆ بەکاری دەهێنێت.