ئێران پێشبڕکێ لەگەڵ کات دەکات و سزاکان چەند کاتژمێرێک ماوە

ئێران لەبەردەم بژاردەی سەختدا، چەند کاتژمێرێک ماوە بۆ گەڕانەوەی سزاکان و بژاردەکانیش سنووردارن.

دوای ئەوەی زلهێزەکانی ئەورووپا (فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا) لە 28ـی ئابدا میکانیزمی گەڕانەوەی سزاکانی دەستپێکرد، کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەردەم ژمارەیەک بژاردەی سنوورداردا مایەوە، کە هەردووکیان تاڵ و شیرینن.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، جەختی کردەوە تەنیا "چەند کاتژمێرێک" لەبەردەم ئێراندا ماوە بۆ ئەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان دووبارە بسەپێندرێنەوە. لە بەرامبەردا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران لە نیویۆرک بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دانی بەوەدانا ڕاوێژەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا "وەک چاوەڕوانکراو نەبوون".

سەبارەت بەو بژاردانەی لەبەردەم لایەنی ئێراندا ماون بۆ دوورکەوتنەوە لە "میکانیزمی دەستپێکردنەوەی سزاکان". ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دوو ڕۆژ لەمەوبەر پشتڕاستی کردەوە ئێران دەتوانێت خۆی لە سزاکان بەدوور بگرێت ئەگەر بە مەرجە "شەرعییەکانی" زلهێزەکان ڕازی بێت.

مەرجەکان بریتین لە ڕێککەوتن لەسەر ڕێگەدان بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ چوونە ناو سەرجەم دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، چارەسەرکردنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە کۆگاکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو و بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمەریکا.

کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی، دوابەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی ناهەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش، دوێنێ پێنجشەممە، ڕوونی کردەوە وڵاتەکەی "ڕێککەوتنی قاهیرە" لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی وەک هەنگاوی یەکەم هەڵدەوەشێنێتەوە ئەگەر سزاکان دووبارە بسەپێندرێنەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment