ئابووریی چین بەڕێژەی 4.9 گەشەی سەند

"چین لەڕێگەیە ئابوورییەکەی بکاتە سەرەکیترین ئابووریی جیهان، کە ئەمساڵ گەشەیان سەندووە"

K24 - هەولێر

ئابووریی چین بەڕێژەی 4.9 لە چارەگی سێیەمی ئەمساڵ گەشەی سەندووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو. لەدوای رێوشوێنەکانی قەدەغەی هاتووچۆ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا چین دیسان توانی پارێزگاری لە گەشەسەندنی ئابوورییەکەی بکات و بیگەیەنێتەوە نزیک ئەوکاتەی هێشتا ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرنەکەوتبوو.

بەپێی داتاکانی نووسینگەی نیشتمانیی ئامار؛ چین، کە خاوەن دووەم گەورەترین ئابووریی جیهانە، گەشەسەندنە ئابوورییەکەی چارەگی سێیەمی ساڵی، کەمێک کەمترە لە چاوەڕوانییەکان. نووسینگەکە هۆشداریشی داوە لە "نەبوونی بەرچاوڕوونی لەکاتێکدا هێشتا ژینگەی نێودەوڵەتیی ئاڵۆزە".

ئەو چاکبوونەوەیەی ئابووری چین، بەپێی مەزەندەکانی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی ئەمە دەگەیەنێت: ئەو وڵاتە لەڕێگەیە بۆ ئەوەی ئابوورییەکەی بکاتە سەرەکیترین ئابووریی جیهان کە ئەمساڵ گەشەی سەندووە، ئەمەش لەکاتێکدایە هێشتا وڵاتانی دیکەی جیهان لە هەوڵدان خۆیان لەگەڵ رێوشوێنەکانی قەدەغەی هاتووچۆ و شەپۆلێکی نوێی کۆرۆنا بگونجێنن.

بەپێی مەزەندەی شارەزایانی ئابووری، ئەوانەی پێشتر قسەیان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کردووە، مەزەندەیان کردبوو لە چارەگی سێیەمی ساڵ، چین کە شوێنی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە ئابوورییەکەی بەڕێژەی 5.2 گەشە بسەنێت، ئەمەش لەبەرامبەر گەشەسەندن بە ڕێژەی 3.2 لە چارەگی دووەمی ئەمساڵ.

لە دیمەنێکدا کە تەواو پێچەوانەی دیمەنی ئێستای زۆربەی وڵاتانی جیهانە، خەڵکی چین گەڕاونەتەوە بازاڕەکان و دەستیان بە گەشتکردن و دووبارە رووکردنە چێشتخانەکان و بەگشتی ژیانی ئاسایی خۆیان کردووەتەوە.

لو تینگ، گەورە شارەزای ئابووریی چین لە گرووپی نومۆرا بە ئاژانسە فەرەنسییەکەی گوتووە "چین توانی بەو شێوە خێرایە ئابوورییەکەی چاکبکاتەوە لەڕێگەی: گرتنەبەری رێوشوێنی تووندی قەدەغەی هاتووچۆ، ئەنجامدانی ژمارەیەکی زۆری پشکنینی کۆرۆنا، هەروەها چین خۆی بەشوێن بەرکەوتەکان بووە بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکات".

شارەزا ئابوورییەکە هەروەها رایگەیاندووە، هۆکاری ئەو گەشەسەندنە ئابوورییە لە چارەگی سێیەمی ئەمساڵ لە چین، هۆکاری دیکەشی هەن، بۆ نموونە لە هاویندا لە زۆر شوین لافاو هەڵسا، دوای لافاوەکەش لە مانگی ئەیلوولدا چالاکیی ئابووری زیادی کرد بەهۆی زۆربوونی بەرهەم و زۆریی داواکاری.

بەڵام سەرەڕای ئەوانەش، ئابووریی چین هێشتا بەتەواوی لە مەترسی دوور نییە. رەنگە شەپۆلێکی دیکەی کۆرۆنا روو لەو وڵاتە بکاتەوە، بەمشێوەیەش هەناردەکردن بۆ دەرەوەی وڵات کەمدەبێتەوە، هەروەها زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین رەنگە کاریگەریی خراپ لەسەر هاوردەکردن لە چین و وەبەرهێنانی پیشەسازیی ئەو وڵاتە بکات.