ناتانیاهۆ: هێشتا مەترسییەکان لەسەر ئیسرائیل کۆتاییان نەهاتووە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا باسی لە جەنگی 12 ڕۆژ و ڕێککەوتنی سووریا کرد، هاوکات هەڕەشەیەکی توندیشی لە حەماس و سەرکردەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق کرد.

هەینی 26ـی ئەیلوولی 2025، گوتارەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵای نایەوە و بەهۆیەوە بەشێکی نوێنەری وڵاتانی بەشدار کۆبوونەوەکەیان جێهێشت، بەڵام ناتانیاهۆ ڕایگەیاند، هێشتا مەترسییەکانی سەر ئیسرائیل کۆتاییان نەهاتووە و ئەگەر حەماس چەک دانەنێت و بەدەم ئاگربەستەوە نەیەت هەموویان دەکوژین.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نەخشەی ئەو وڵاتانەی بەرزکردەوە کە بوونەتە مەترسی و هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل، لەنێویاندا سووریا، عێراق و ئێران هەن. گوتیشی: "لە جەنگی 12 ڕۆژدا توانیان ئاسمانی تارانی پایتەختی ئێران کۆنترۆڵ بکەن و فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و B2ی ئەمەریکی توانیان بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەناو ببەن، بۆ ئەمەش سوپاسی سەرۆک ترەمپ دەکەم."

ناتانیاهۆ جەختی لە پشتیوانییەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کرد و گوتی: "بە یەکەوە بڕیارماندا ڕێگری لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بکەین و بەڵێنەکەشمان بەجێگەیاند."

ناتانیاهۆ لە گوتارەکەشیدا ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی ڕابردوو دا، "نیوەی سەرکردەکانی حووسییەکانمان لە یەمەن، یەحیا سینوار، سەرۆکی پێشووی حەماس، حەسەن نەسروڵڵام ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان، ڕژێمی ئەسەد، گرنگترین زانا ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەنێو برد، ئەگەر بێتو گرووپە چەکدارەکانی عێراق هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل ئەوا سەرکردەکانی ئەوانیش لەنێو دەبین."

گوتیشی: "هێشتا ئامانجەکانمان بە دەست نەهێناوە و غەززە بەدەست حەماسەوەیە، ئەوان ئێستاش دەیانەوێت هەمان کاری 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دووبارە بکەنەوە، بۆیە دەبێتە کارەکانمان لە غەززە بە زووترین کات تەواو بکەین و هەموو بارمتەکان بگەڕێنینەوە."

سەرۆکی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەیامێکی توند ئاراستەی حەماس دەکاتە و دەڵێت: چاکەکانتان دانێن و هەر 48 بارمتەکان ئازاد بکەن، ئەگەر وا بکەن ژیانتان دەپارێزرێت، ئەگەر نا ئەوا هەمووتان لە نێو دەبین، ئاماژەشی دا، ژمارەیەکی زۆر سەرکردە هەیە، لە میدیاکاندا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل دەکات، بەڵام بە نهێنی سوپاسیان دەکات.

هاوکات لەبارەی دۆخی مرۆیی غەززە باسی لەوە کرد، "خەڵکی غەززە ئەگەر خواردنی پێویستیان بەدەست ناکەوێت، ئەوا بەهۆی حەماسەوە، چونکە ئەوان خواردن و پێداویستییەکان دەبەن."

هەروەها سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی دەوڵەتی فەڵەستین گوتی: ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەڵەستین دوای هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەم لەلایەن حەماسەوە، وەکوو ئەوە وایە، قاعیدە دەوڵەتێک لە نیویۆرک دابمەزرێنێت دوای هێرشەکانی 11ی ئەیلوول، بۆیە ئیسرائیل ڕێگەتان پێ نادات دەوڵەتێکی تیرۆریستی بە زۆر بەسەرماندا بسەپێنن و نیشتمانمان ببێتە قوربانی، چونکە ئێوە وڵاتێکی زۆر لاواز، ئەمەش تەنیا هەڵوێستی من نییە، بەڵکوو هەوڵوێستی خەڵکی ئیسرائیلە.

ناتانیاهۆ لە گوتارەکەدا ئاماژەی بە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ سووریا کرد ڕایگەیاند، ئێمە دەستمان بە دانوستانی جددی لەگەڵ حکوومەتی سووریا کردووە،پێم وایە دەتوانرێت ڕێککەوتنێک بکرێت کە ڕێز لە سەروەری سووریا بگرێت و ئاسایشی ئیسرائیل و کەمینەکانی ناوچەکە بپارێزێت.

سەبارەت بە گەلی ئێران گوتیشی: دۆستایەتی گەلی ئێران و ئیسرائیل لە مێژینەیە، بە ئازادبوونی ئێران، ئەو دۆستایەتییە دەگەڕێتەوە و ئەمەش سوودی بۆ هەموو جیهان دەبێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment