بەڕێوەبەری سۆمۆ: سبەی کاتژمێر 6ـی بەیانی نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێتەوە
"دڵنیایی دراوە بە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان"

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، دڵنیایی دەدات بە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت: شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان لە ڕێگەی بانکی فیدراڵیی ئەمەریکاوە دەدرێت. گوتیشی: سبەی کاتژمێر 6ـی بەیانی نەوتی هەرێم هەناردە دەکرێتەوە.
هەینی 26ـی ئەیلوولی 2025، عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان، لەسەر میکانزیمی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە، گەیشتنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و پیشەیی.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، ئاماژەی بەوە دا، حکوومەتی فیدراڵ شەرەفمەندە بەو ڕێککەوتنە، چونکە ئەم ڕێککەوتنە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و عێراقیشە.
سەبارەت بە بڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، عەلی نزار دەڵێت: ڕۆژانە هەرێمی کوردستان نزیکەی 240 هەزار بەرمیل ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، هەروەها هەرێمەکە ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتیش بۆ پێویستی ناوخۆیی بەکار دەهێنێت.
هەر لە بارەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە، جەختی لەوە کردەوە، ئەورووپا پێویستی بە نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ جێگرەوەی نەوتی ڕووسیا، دەکرێت ئەمەریکای باکوور و باشووریش سوود لە نەوتەکە وەربگرن.
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، عەلی نزار ئاشکرای کرد، سبەی شەممە کاتژمێر 6ـی بەیانی نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێتەوە، هەروەها هیچ شتێک نییە ببێتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
هاوکات باسی لە بەندەری جەیهانی تورکی کرد و ئاماژە بەوە کرد، ئەم بەندەرە لەسەر دەریای سپییە و ناوەندی بازاڕی ئەورووپایە.
لە بارەی گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، ڕایگەیاند: گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان لەم بارەیەوە 30 مانگی خەیاند، هەروەها هەرگیز ئەم ڕێککەوتنە نەدەهاتە ئاراوە ئەگەر دانوستانی پیشەییانە و بنیاتنەر نەکرابووایە.
عەلی نزار، باسی لە وەردەکاریی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کرد و گوتی: لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان ڕێککەوتین بۆ پێدانی شایستە داراییەکانیان و دڵنیاییشیان لەو بارەوە پێدراوە، بە گوێرەی یاساکان ئەم ڕێککەوتنە قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیاکان لە ئەستۆ دەگرێت، هەروەها بۆ هەر بەرمیلێک 16 دۆلاریان پێ دەدرێت، شایستەکانیان لە ڕێگەی بانکی فیدراڵیی ئەمەریکاوە پێدەدرێت.
لە درێژەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، ئەوەشی خستەڕوو، دوای ئەم قۆناغە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاریی جیهانیی دەکات، بۆ ئەوەی دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەر کێڵگەیەکی نەوتیی هەرێمی کوردستان بکرێت، کاتێک ڕێککەوتنەکە لەو بارەیەوە کرا شایستە داراییەکان بە شێوەی سولفە دەدرێت بە کۆمپانیا نەوتییەکان.
عەلی نزار هەر لە بارەی ڕێککەوتنی دووبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، ئەم ڕێککەوتنە کاتیی نابێت بەڵکو دەبێتە بناغەیەک بۆ لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنێکی درێژخایەن.
سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، ڕایگەیاند: نەوتی کەرکوویش ئەو کاتەی کە بەردەست دەبێت بۆ هەناردە، بە دڵنیاییەوە لە ڕێگەی ئەو بۆری نەوتیی عێراق- تورکیاوە هەناردە دەکرێت، هەروەها نەوتی بەسراش لە ئایینەدەدا بەو بۆریە هەناردە دەکرێت.
عەلی نزار لە بارەی داهاتی نەوتەوە، ئاشکرای کرد، داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێتە بەشێک لە بودجەی عێراق، هەروەها ئەم ڕێککەوتنە کاریگەرییەکەی لە ئایینەدەدا بە دیار دەکەوێت، چونکە سەقامگیریی بە دوای خۆیدا دەهێنێت و چەندین بەربەست لە نێوان حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ لادەبات بە تایبەت لە پرسی مووچە.
ڕۆژی پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆ مەبەستی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ڕێککەوتین.
وەزارەتەکە میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی ڕوونکردەوە و باسی لەوە کردبوو، تەواوی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، کۆمپانیاکەش لە ڕێگەی بەندەری جەیهان هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی دەکات، جگە لەو نەوتەی کە دەمێنێتەوە هەرێمی کوردستان لە نێوخۆ بەکاری دەهێنێت.
لای خۆیەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردبوو، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن.
وەزارەتەکە گوتوبووشی: لە ماوەی ئەم 48 کاتژمێرەدا، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکرێتەوە.
هەر لە بارەی ڕێککەوتنەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا، پێشوازیی لە ڕێککەوتنەکە کردبوو و هەروەها هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو مەبەستە بەرز نرخاندبوو.
هەروەها مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، لە میانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، گوتوبووی: کۆمپانیاکانی نەوت ئامادەن نەوت هەناردە بکەنەوە.
جەختی لەوەش کردبووەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، کۆمپانیا نەوتییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ، چاودێریی ڕێککەوتنەکە دەکەن، هەمووان چاویان لەوەیە ڕێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
گوتەبێژی ئەپیکور، هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بۆ ڕێککەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت بەرز نرخاندبوو، هاوکات گوتوبووی: سوپاسی سەرۆک وەزیران دەکەین و خۆشحاڵین بەو دەستکەوتە مەزنە.
لە بارەی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ مەبەستی ڕێککەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، مایڵز کاگینز، ئاشکرای کردبوو، ئەمەریکا هانی لایەنەکانی داوە و هەندێک جاریش فشاری کردووە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە بکرێت.
لای خۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە باری ڕێککەوتنەکە ڕایگەیاندبوو: ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ و کۆمپانیای سۆمۆ، دەستکەوتی ماندووبوون و هەوڵی زۆری تیم و شاندەکانی هەموو لایەک بووە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردبووەوە، بەم هەنگاوە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دووبارە بە بازاڕی جیهانیی نەوت بەسترانەوە.