ڕۆیتەرز: کۆسپ بۆ ڕێککەوتنی سووریا و ئیسرائیل دروست بووە

چوار سەرچاوەی ئاگادار لە گفتوگۆیەکانی سووریا و ئیسرائیل ڕایدەگەینن، ڕێککەوتنی ئەو دوو وڵاتە لە قۆناغی کۆتایی بەهۆی داوایەکی ئیسرائیل کۆسپی بۆ دروست بووە.
هەینی 26ی ئەیلوولی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادار لە گفتوگۆکان بڵاوی کردووەتەوە، هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەنێوان سووریا و ئیسرائیل، تووشی کۆسپێکی لەناکاو بووەتەوە بەهۆی داواکاریی ئیسرائیلەوە بۆ کردنەوەی "ڕێڕەوێکی مرۆیی" بۆ پارێزگای سوەیدای باشووری سووریا.
مەبەست لە ڕێککەوتنەکە دروستکردنی ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک بوو کە پارێزگای سوەیداش لە خۆدەگرت.ئیسرائیل، کە کەمینەیەکی درووزی 120 هەزار کەسی هەیە و پیاوەکانیان لە سوپای ئیسرائیلدا خزمەت دەکەن، ڕایگەیاندووە کە پارێزگاری لەم پێکهاتانە لە سووریا دەکات، پێشتریش لە ژێر ناوی بەرگریکردن لێیان، هێرشی سەربازیی کردبوو سەر سووریا.
لە گفتوگۆکانی پێشووتر لە نێوان سووریا و ئیسرائیل لە پاریس، ئیسرائیل داوای کردبوو ڕێڕەوێکی وشکانی بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ سوەیدا بکرێتەوە، بەڵام سووریا داواکارییەکەی وەک پێشێلکردنی سەروەریی خۆی ڕەت کردبووە.
بەگوێرەی دوو بەرپرسی ئیسرائیلی و سەرچاوەیەکی سووری و سەرچاوەیەک لە واشنتن کە ئاگاداری گفتوگۆکانن، ئیسرائیل لە قۆناغی کۆتایی گفتوگۆکاندا داواکارییەکەی دووبارە خستەوەڕوو. سەرچاوە سوورییەکە و واشنتنەکە ڕایانگەیاندوە، داواکارییە نوێیەکەی ئیسرائیل ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکەی لەم هەفتەیەدا پەکخستووە.
ڕۆژی سێشەممە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە سووریا کە نێوەندگیری گفتوگۆکانی نێوان سووریا و ئیسرائیلی کردووە ڕایگەیاندبوو، ئەو دوو وڵاتە نزیکن لە گەیشتن بە "ڕێککەوتنێکی کەمکردنەوەی گرژییەکان" کە تێیدا ئیسرائیل هێرشەکانی ڕادەگرێت و سووریاش هیچ کەرەستەیەکی سەربازی قورس ناگوازیتەوە نزیک سنووری ئیسرائیل.گوتیشی: ئەمە وەک هەنگاوی یەکەم بۆ ئەو ڕێککەوتنە ئەمنییەی هەردوو وڵات دەبێت.
هاوکات دیپلۆماتکارێکی ئاگادار لە بابەتەکە لەو بارەوە ئاماژەی داوە، وا دەر دەکەوێت ئەمەریکا "ئاستی ڕێککەوتنەکەی لە ڕێککەوتنێکی ئەمنییەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان گۆڕیوە."
هەروەها بەرپرسێکی سووری بە ڕۆیتەرزی گوت: گفتوگۆکانی پێش دەستپێکردنی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان "ئەرێنی" بوون، بەڵام لەم هەفتەیەدا هیچ گفتوگۆیەکی تر لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلدا نەکراوە.
هەر ئەمڕۆ، ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارەکەیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژەی دا، دەستیان بە دانوستانی جددی لەگەڵ حکوومەتی سووریا کردووە، پێی وایە دەتوانرێت ڕێککەوتنێک بکرێت کە ڕێز لە سەروەری سووریا بگرێت و ئاسایشی ئیسرائیل و کەمینەکانی ناوچەکە بپارێزێت.
سووریا و ئیسرائیل لەوەتەی دامەزراندنی ئیسرائیل لە ساڵی 1948ەوە دوژمنایەتی یەکتر دەکەن. لە ساڵی 1974ڕێککەوتنێکیان لەسەر ناوچەیەکی ئارام کرد کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چاودێری دەکرا، بەڵام ل لە 8ی کانوونی یەکەمی ڕابردوودا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدی، ئیسرائیل چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی سووریا لە سەرتاسەری وڵاتدا و هێزی ڕەوانەی باشووری وڵاتەکە کردووە.
لە مانگی تەممووز، ناکۆکی نێوان درووزەکان و بەدەوییەکانی ڕووی دا، کە بووە هۆی دەستتێوەردانی هێزەکانی حکوومەتی سووریا و هێزە ئاسامانییەکانی ئیسرائیل. بەگوێرەی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەهۆی گرژییەکانەوە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران.