گرۆسی: ئێران لە ڕووی تیۆرییەوە توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی هەیە

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، ئاژانسەکەی تێبینی هیچ ئاماژەیەکیان نەکردووە کە ئێران لەم ماوەیەدا ئاستی پیتاندنی یۆڕانیۆمی بەرز کردبێتەوە، چونکە لە ڕووی تیۆرییەوە گرفتێکی ئەوتۆی نییە.
هەینی 26ـی ئەیلوولی 2025، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ڕووسیا24 ئاماژەی داوە، ڕاستە لە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەشێک لە سەنتەرفیوجەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام بەشێکیشیان هەر ماون.
هەروەها ئاماژەی داوە، ئاژانسەکەی تاوەکوو ئێستا هیچ بەڵگەیەکیان بە دەست نەگەیشتووە، کە ئێران لەم ماوەیەدا ئامادەکاری بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم کردبێت، ڕەنگە ئەمەش بەهۆی ئەم خۆ بەدوورگرتنەی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە بێت لەو تەنگژە و ئاڵیۆزییە نێودەوڵەتییەی ناوچەکەی گرتووەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەشڵێت: ئێران لە ڕێگەی کۆمەڵەی سەنتەرفیوجەکانی کە لە هێرشەکاندا ڕزگاریان بووە، دەتوانێت پەرە بە چالاکی پیتاندنی یۆرانیۆم بدات، ئەمەش تەنیا لە ڕووی تیۆرییەوە ئەم توانایەی هەیە، نەک پراکتیکی.
ئەم قسانەی گرۆسی لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، لە پەراوێزی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی هەفتانەی ئەتۆمی، لە مۆسکۆ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو، ئاژانسەکەی هەموو هەوڵێک دەدات و ئەوەی لە توانا و دەسەڵاتی دابێت، درێخی ناکات بۆ ئەوەی لە بارەی دۆخی پەیوەست بە ئێران سەقامگیری و ئارامی بەدیبهێنێت، بەڵام بەو مەرجەی تاران لە هاوکاریی و هەماهەنگیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەردەوام بێت.
پێشتر ئێران هۆشداریی دابوو لەوەی ئەگەر میکانیزمی سەپاندنەوە سزاکانی سەر ئێران کارا بکرێنەوە، ئەوا تاران ڕێککەوتنی نوێی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەڵدەپەسێرێت و پابەندیی جێبەجێکردنی نابێت، بەڵام دوای پرۆژە بڕیارنامە هاوبەشەکەی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە 28ـی ئابی ئەمساڵ، بۆ کاراکردنەوەی میکانزمی سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران، پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشیی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردبوو، دوور نییە لە سبەی شەممەوە 27ـی ئەیلوولی 2025، سەپاندنەوەی سزاکان جێبەجێ بکرێنەوە.