کۆمپانیای HKN : کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری سەربەخۆ و نێودەوڵەتی پێداچوونەوە بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دەکات

جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN Energy پێشوازی لە ڕێککەوتنی هەولێر، بەغدا و کۆمپانیاکانی نەوت دەکات، ئاماژەشی داوە، هەر سێ لایەن ڕێککەوتوون کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری سەربەخۆ و نێودەوڵەتی پێداچوونەوە بە سەروەت و سامان، ژێرخانی، کوالێتی و قەبارە نەوت بکات کە دواتر بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتانە گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە دەکرێت؛ هاوکات ستایشی ڕۆڵی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ڕژدبوونی لە گەیشتن بەم ڕێککەوتنە.
هەینی 26ـی ئەیلوولی 2025، ماتیۆ زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN Energy لە ڕاگەیەندراوێکێدا پێشوازی لە ڕێککەوتنی سێقۆڵی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان،حکوومەتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان بۆ بازاڕەکانی جیهان کرد و ڕایگەیاند، "کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ عێراق، هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکانی نەوت.
هەروەها ستایشی ڕۆڵی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات ئاماژەی داوە، هاوبەشیی پتەو و سووربوونی بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە زۆر گرنگ بوو، هاوکات پشتگیری ئەمەریکا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرز دەنرخێنیت، ڕاشیگەیاندووە، ئەم ڕێککەوتنە ڕێڕەوێکی کاتیی گرنگ دابین دەکات؛ هاوکات بە جێبەجێکردنی تەواوەتی بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەندن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەموو لایەنەکان بە هاوبەشی ڕەزامەندییان لەسەر دامەزراندنی کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری سەربەخۆ و نێودەوڵەتی داوە کە پێداچوونەوە بە سەروەت و سامان، ژێرخانی، کوالێتی و قەبارە نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات، بەمەبەستی دیاریکردنی کۆی گشتیی قەرەبووی گونجاو بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت (IOCs) بەراورد بەو بڕانەی کە لە ژێر گرێبەست و مۆدێلە بازرگانییەکاندا قەرزدارن.
باسی لەوەش کردووە، بەگوێرەی ڕێککەوتنە کاتییەکە، بڕی قەرەبووی 16 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێکە (بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە) بۆ هەموو ئەو بەرمیلانەی لە کوردستانەوە هەناردە دەکرێن بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان نەوت دەدرێت کە پێشبینی دەکەین نزیک بێت لە نرخی ئێستای فرۆشتنی ناوخۆیی. دواتر گۆڕانکارییەک لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی ڕاوێژکارەکە دەکرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی کاتییە. جێبەجێکردنی تەواوەتی هەنگاوێکی سەرەکی دەبێت بۆ مسۆگەرکردنی هەناردەکردنی نەوت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و خۆشگوزەرانیی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها کۆمپانیای HKN Energy پابەند دەمێنێتەوە بە کارکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە.