عراقچی: ئێران هەرگیز نەیویستووە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم

وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند: تاران بە تەواوی پابەندە بە جێبەجێکردنی داواکارییەکان و ڕێککەوتنەکان لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان. دەشڵێت: هەرگیز نەمانویستووە ببینە خاوەنی چەکی ئەتۆم.
هەینی 26ـی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بارەی سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران کۆبووەوە.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆبوونەوەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: ئێران بە تەواوی پابەندە بە جێبەجێکردنی داواکارییەکان و ڕێککەوتنەکان لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا (وڵاتانی ترۆیکا) بەرژەوەندییەکانی ئێران لەبەرچاو بگرن. دەشڵێت: ئێران هەرگیز دژی پابەندییەکان نییە و بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ دەکات.
لە بارەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا، عراقچی، ڕوونی کردەوە، ئێران هەمیشە پابەندبووە بە چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ ئەمەریکا لە ڕێگەی دانوستانەوە، بەڵام لە سەروبەندی ئەنجامدانی گەڕی شەشەمی دانوستان لەگەڵ ئەو وڵاتە، ئیسرائیل هێرشی کردە سەرمان و خەڵکی سڤیلی زۆری کردە قوربانی.
لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاشکرای کرد، تاران پابەند بوو بە ڕێککەوتەنەکە، بەڵام ئەوە ئەمەریکا بوو کە پێوەی پابەند نەبوو و تاکلایەنە لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوەش کردەوە، دەبێت وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا پابەندیی ڕێککەوتنەکان بن نەک داوا لە ئێران بکەن پابەندیی ڕێککەوتنەکان بێت.
لە بارەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوە، عەباس عراقچی، گوتی: ئێران هەمیشە چەکی ئەتۆمی ڕەت کردووەتەوە، هەروەها دروستکردنی ئەو جۆرە چەکە لە ڕێباز و هزری ئێمەدا نییە و هەرگیز نەمانویستووە ببینە خاوەنی.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنەکە پێشنیازی ڕووسیا، چین، پاکستان و جەزائیری بۆ دواخستنی گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران بۆ 6 مانگی داهاتوو 18ـی نیسانی 2026 ڕەت کردەوە.