وەزارەتی نەوتی عێراق: هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردەوە

شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا دەستی پێکردەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لەڕاگەیەنەدراوێکدا ئاشکرای کرد، بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، حەیان عەبدولغەنی و بە هاوکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری عێراق- تورکیاوە دەستیپێکردەوە.
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەشکردووە، هەناردەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە بەبێ بوونی هیچ کێشەیەکی تەکنیکی دەستی پێکرد، ئەمەش ڕەنگدانەوەی سەرکەوتنی هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمە لە بەدیهێنانی ئەم دەستکەوتە گرنگەدا.
ڕاشیگەیاند، ئەم پێشهاتە هەنگاوێکی بەرچاوە بۆ بەڕێوەبردنی سامانە نیشتمانییەکان بە گیانی هاوبەشی و هەماهەنگی، هەروەها بەشداریکردن لە دەستەبەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت و پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی.
کۆتایی هەفتەی ڕابردوو ڕێککەوتنی سێقۆڵی حكوومهتی فیدراڵ و حكوومهتی ههرێمی كوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی خاوی هەرێم بڵاوکرایەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی خاو دەستی پێکردەوە.
بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە بۆری هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرێت و لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق ناسراو بە سۆمۆ دەفرۆشرێتەوە، هاوکات ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان گلدەدرێتەوە.
لە 25ـی ئاداری ساڵی 2023ـەوە، بەهۆی سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا، هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە ڕاگیراوە.