سامی جەلال: ڕێبەری سەلامەتی دەبێتە دەستوور بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان
سەرۆکی پرۆژەی ڕێبەری سەلامەتی لە وەزارەتی ناوخۆ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کوردستان24، وردەکارییەکانی دەرکردنی حەوت ڕێبەری نوێی سەلامەتیی خستەڕوو و جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان پاراستنی ژیان و سامانی هاووڵاتییانە.
سامی جەلال، سەرۆکی پرۆژەی ڕێبەری سەلامەتی لە وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد، بیرۆکەی ئەم پرۆژەیە لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەریهەڵداوە و لە ساڵی 2021ەوە لیژنەیەکی باڵا بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە. لیژنەکە لە شارەزایانی بواری بەرگریی شارستانی و ئەندازیارانی پسپۆڕی وەک تەلارسازی، شارستانی، کارەبا و میکانیک پێکهاتووە.
ناوبراو گوتیشی: "ئێمە سوودمان لە سێ پێوەری سەرەکیی جیهانی وەرگرتووە کە بریتین لە ستانداردەکانی (NFPA)ی ئەمەریکی، (EN)ی ئەورووپی و (BSI)ی بەریتانی. دوای کارێکی چوار ساڵە، توانیمان ئەم ڕێبەرانە بە زمانی کوردی ئامادە بکەین کە زیاتر لە 15 هەزار لاپەڕە لەخۆدەگرێت، کە لە کتێبی یەکەم تاوەکوو شەشەم سوود لەو سێ ستانداردە وەرگیراوە."
سەرۆکی پرۆژەی ڕێبەری سەلامەتی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ڕێبەرانە تێکەڵەیەکە لە باشترین ستانداردە جیهانییەکان و بە شێوەیەک داڕێژراون کە لەگەڵ واقیعی هەرێمی کوردستاندا بگونجێن. دەشڵێت: "ڕێبەرەکان وەک دەستوورێک دەبن بۆ هەموو پرۆژە نیشتەجێبوون و بازرگانییەکان. هەر خاوەن پرۆژەیەک دەبێت پابەندی ئەو کۆدانە بێت کە بۆی دیاری کراوە."
سەرۆکی پرۆژەی لە بارەی ڕێبەری پێنج، شەش و حەوت چەند ڕوونکردنەوەیەکیدا، کە پێکهاتوون لە مانە، ڕێبەری 5 (سیستەمی گازی شل LPG بۆ شوێنە پیشەسازییەکان):"ئەمە دەستوورێکە بۆ شوێنە پیشەسازییەکان. هەر کارگەیەک کە سیستەمی گازی شل بەکاربهێنێت، دەبێت بەپێی ئەم ڕێبەرە کار بکات کە نزیکەی 300 لاپەڕەیە و نابێت بە هیچ شێوەیەک گۆڕانکاری تێیدا بکرێت." ڕێبەری 6 (سیستەمی گازی شل LPG بۆ شوێنی نیشتەجێبوون و بازرگانی):"ئەمەیان تایبەتە بە ماڵان، شوقەکان، دووکان و شوێنە بچووکە بازرگانییەکان. ئەمەش ستانداردێکی جیهانییە و بە وردی دیاری کراوە کە دەبێت چۆن جێبەجێ بکرێت." ڕێبەری 7 (گواستنەوەی ماددە مەترسیدارەکان):"ئەم ڕێبەرە وەک خۆی لە ستانداردە جیهانییەکانەوە وەرگێڕ دراوەتەوە، چونکە ستانداردێکی جیهانییە و دەستکاری ناکرێت. تایبەتە بە گواستنەوەی ماددە مەترسیدارەکان لە ڕێگەی زەمینی، دەریایی و ئاسمانییەوە. لە داهاتوودا تابلۆی تایبەت بۆ کۆدەکان چاپ دەکرێت و هەر تانکەرێک ئەو کۆدانەی پێوە نەبێت، ڕێگەی پێنادرێت هاتوچۆ بکات."
بە گوتەی سەرۆکی پرۆژە، ئەم ڕێبەرە پشت بە سیستەمی (UN Number) و (ERG) دەبەستێت.بە شێوەیەک ، ئەگەر تانکەرێکی بەنزین بسووتێت، کۆدی 1203ی لەسەرە. کارمەندی بەرگریی شارستانی سەیری کتێبەکە دەکات و دەزانێت بۆ کۆدی 1203 دەبێت ڕێکاری 128 بگرێتەبەر، کە تێیدا دیاری کراوە بە چ ماددەیەک ئاگرەکە بکوژێنێتەوە و فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ بریندارەکان چییە.
ئاشکراشی کرد کە ئەم سیستەمە دەکرێتە ئەپڵیکەیشنێکی زیرەک: "ئەم کتێبە دەکرێتە ئەپڵیکەیشن و لەسەر تابلێتێکی تایبەت لەناو هەموو ئۆتۆمبێلێکی بەرگریی شارستانیدا دادەنرێت. کاتێک دەگەنە شوێنی ڕووداو، تەنیا کۆدەکە دەخوێننەوە و ڕاستەوخۆ دەزانن چ ڕێکارێک بگرنەبەر."
دکتۆر سامی جەلال جەختی لەوە کردەوە ئەم ڕێبەرانە دەبنە دەستووری کارکردن، لیژنەکانی پشکنین کە دەچنە سەر پرۆژەکان، سەیری پابەندبوون بەم ڕێبەرانەوە دەکەن." هاوکات دەربارەی ئەو پرۆژانەی کە پێشتر دروستکراون، گوتی: "ئەو پرۆژانەی کە هەن، دەکرێت خۆیان لەگەڵ ئەم ڕێبەرانەدا بگونجێنن. دانانی سیستەمی ئاگرکوژێنەوەی ئۆتۆماتیکی (Fire Sprinkler) کارێکی ئەستەم نییە. ئێمە ماوەیەکی دیاریکراویان پێ دەدەین بۆ ئەوەی خۆیان بگونجێنن."
داوای لە خاوەن پرۆژەکان کرد کە پابەندی ڕێنماییەکان بن و ئاماژەی دا "هەر پرۆژەیەکی نوێ کە مۆڵەت وەردەگرێت، دەبێت ئەم ڕێبەرانە جێبەجێ بکات. لیژنەی تایبەت لە هەر بنکەیەکی بەرگریی شارستانی پشکنینی سێ قۆناغی بۆ پرۆژەکان دەکات و تا دڵنیا نەبنەوە لە جێبەجێکردنی تەواوی ڕێنماییەکان، ڕێگە نادرێت پرۆژەکە بەکاربهێنرێت یان هاووڵاتی تێیدا نیشتەجێ بێت."
سامی جەلال جەختی کردەوە: "هاووڵاتی بەنرخترین سەرمایەی ئێمەیە و پاراستنی ژیانی ئامانجی سەرەکیی ئێمەیە. ئەم ڕێبەرانە دەبنە دەستوور بۆ هەموو شوێنەکان و دەبێت خاوەن پرۆژەکان پابەندی بن. داوا لە هاووڵاتییانیش دەکەین کە هاوکارمان بن و لە هەر شوێنێک سەرپێچییان بینی، ئاگادارمان بکەنەوە."