دەقی گوتاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسی ساڵیادی "نیقییە"

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ کۆنفرانسی ئەکادیمیی ساڵیادی "نیقییە" لە هەولێر دەستیپێکرد.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد، کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان

جەنابی قەداسەتی پاتریاک ماراوا، قەداسەتی پاتریاک لویس ساکۆ، کەسایەتییە ئایینییە بەڕێزەکان لە هەموو ئایین و ئایینزاکانی کوردستان، مامۆستایانی بەڕێزی زانکۆ، کەسایەتییە ئەکادیمییەکان، میوانە بەڕێزەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات تشریفیان هێناوە؛ هەمووتان زۆر زۆر بەخێر بێن و زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم لەم بۆنە گرنگەدا بەشداریتان لەگەڵ دەکەم.

بەخێرهاتنێکی گەرم لە هەموو لایەکتان دەکەم و سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەم کە لە هەولێری پایتەختی بەیەکەوەژیان، پایتەختی هەرێمی کوردستان، هەموومان لێرە بەیەکەوە کۆبووینەتەوە.

خۆشحاڵم کە ئەم کۆنفرانسە زانستییە گرنگە لە هەولێر بە بەشداری ئەو ژمارە زۆرە لە کەسایەتییە ئایینییە باڵاکان ئەنجام دەدرێت؛ دەستخۆشیتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. هیوادارم دەرئەنجام و ڕاسپاردەکانی ئەم کۆنفرانسە لە خزمەتی بەهێزکردنی کەلتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و پته‌وکردنی بنەماکانی ئاشتی و تەبایی و برایەتی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان بێت.

بەڕێزان؛

دەتوانم بەشانازییەوە بڵێم کە بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە یەکێکە لە تایبەتمەندی و سیمای گەشەکانی کۆمەڵگەی کوردستان؛ بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەم کەلتوورە پێویستی بە پته‌وکردنی زیاتر و دەوڵەمەندکردن و بەهێزکردنە کە ئەرکی هەر هەموومانە لەم پێناوەدا. هەرچی پێمان بکرێت ئەنجامی دەدەین، بەتایبەیش ڕوو لە کەسایەتی و مامۆستایانی ئایینی بەڕێزی هەموو ئایین و ئایینزاکان دەکەم کە لەم ڕووەوە ڕۆڵ و ئەرک و بەرپرسیارەتی گرنگ و کاری خۆیان بگێڕن و بەها و بنەما باڵاکانی خۆشەویستی و تەبایی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە نێوان پێکهاتە جۆراوجۆرەکاندا بەهێزتر و قووڵتر بکەنەوە. لەم پێناوەشددا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە چەسپاندنی بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادی ئایینی و تەبایی و دۆستایەتی نێوان پێکهاتەکانی کوردستان.

ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندین و باوەڕی تەواومان بە پاراستن و داکۆکیکردن لە هەمەڕەنگیی ئایینی و نەتەوەیی و کلتووری هەیە؛ لەم چوارچێوەیەدا بەردەوامین لە پاڵپشتیکردن و پاراستنی زمانی سریانی، زمانی کڵدان و ئاشووری و ئارامی، ئەو زمانەی حەزرەتی عیسای مەسیح (درودی خوای لەسەر بێت) قسەی پێ دەکرد.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانییەوە پشتیوانی لە خوێندنی زمانی سریانی دەکات و ئێستا 50 قوتابخانەی تایبەت بە زمانی سریانی لە هەرێمی کوردستان هەن کە هەزاران قوتابی بەم زمانە کۆن و دێرینە دەخوێنن. هەروەها ساڵی ڕابردووش بەپشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە هەولێر بەڕێوەچوو.

جگە لەمەش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە هاوشان لەگەڵ گرنگیدان بە مزگەوتەکان و پەرستگە و شوێنی پیرۆزی هەموو ئایینەکان، هاوکاری و پشتیوانی کەنیسەکانیش دەکات و بەخۆشحاڵییەوە لێرە ڕادەگەیێنین کە بەمزووانە چوار کەنیسەی نوێ لە هەولێر و دهۆک دەکرێنەوە.

هەروەها بەهاری ئەمساڵ بۆ یەکەمین جار لە کوردستان و لە دەستپێشخەرییەکی ناوازەدا بەسەرپەرشتی و ئامادەبوونی جەنابی سەرۆک بارزانی و بە بەشداری سەدان کەسایەتی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە سەرتاسەری جیهان ڕۆژی نزای نیشتمانی لە هەولێر بەڕێوەچوو کە هیوادارین وەک نەریتێکی ساڵانە ئەم گردبوونەوەیە لەپێناو بەهێزکردنی بەهاکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی و ئازادی ئایینی لە هەولێر ئەنجام بدرێت.

ئەم کارنامە و پرۆژە و دەستپێشخەرییانە دووپاتکردنەوەی ئەوەیە کە کوردستان نیشتمانی هەموومانە وەک چۆن پێکهاتەکانی کوردستان بەیەکەوە دووچاری ستەم و زۆرداری و داگیرکاری بوونەتەوە، ئەمڕۆش بەیەکەوەین لەپێناو بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و پێشخستنی نیشتمانەکەمان.

من دەمەوێت لێرە ئاماژە بە خاڵێکی گرنگی ڕووداوێکی مێژووییش بکەم کە ئەم چەند ڕۆژە بینیمان، دوای دوو سێ ساڵێک لە وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی دەرەوە، جارێکی تر ئەمڕۆ ئەم بەرهەمە، نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مارکێتی جیهانی هەناردە کرایەوە کە ئەم ڕێککەوتنە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەموو خەڵکی عێراق، بەتایبەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

من دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەسایەتییانە و ئەو لایەنانە دەکەم کە ڕۆڵێکی گرنگیان گیڕا لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیە و لێرەدا حەز دەکەم ئاماژە بدەم بە ڕۆڵی بەتایبەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چ لە واشنتن چ باڵوێزیان لە بەغدا یان کونسوڵیان لێرە لە هەولێر کە بەڕاستی پاڵپشتی گەورە بوون بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە.

جارێکی تر هیوادارم کە ئەم گرێبەستە، ئەم ڕێککەوتنە ببێتە هۆکاری پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و لە خزمەتی هەموو هاووڵاتییاندا بێت.

 لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتن بۆ ئەم کۆنفرانسە دەخوازم و دڵنیاتان دەکەمەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە ماڵبەندێکی درەوشاوەی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە و ئازادی ئایینی و یەکترقبووڵکردن و برایەتی و تەبایی دەبێت.

هەر شاد و سەرکەوتوو بن و خودای مەزن کوردستان بپارێزێت. زۆر زۆر سوپاس.

 

 
 
 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment