پزیشکیان: پێویستیمان بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی 60% نییە

سەرۆکی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر داواکارییەکانی سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەیە تاران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەوا کێشەکە چارەسەر دەبوو، بەڵام ئەوان لە بیانوویەک دەگەڕان بۆ ئەوەی هێرش بکەنە ئێران، دەشڵێت: ڕاستە پێویستیمان بە ڕێژەی 60% پیتاندنی یۆرانیۆم نییە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیووز ڕایگەیاند، هیچ دەرفەتێک بۆ چەکی ئەتۆمی یان هەر جۆرە چەکێکی کۆمەڵکوژ لە ئێران نییە. ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانەی قبووڵ کراو نین، دووپاتیشی کردەوە، ئەوان هەرگیز بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نەبوون و هەرگیزیش بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نین.
سەرۆکی ئێران گوتیشی: ئەگەر مەبەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئەوە بێت کە ئێمە هیچ چەکێکی ئەتۆمیمان نەبێت، ئەوە بە ئاسانی چارەسەر دەبوو.
پزیشکیان دەشڵێت: ئەوان هەرگیز هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستەیان نەبووە کە ئێمە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا گەڕابین، بۆیە، ئەوان ئەوە وەک بیانوویەک بەکاردەهێنن بۆ ئەنجامدانی هێرشێک کە دەبوو نەیکەن.
پێشکەشکارەکە پرسیاری ئەوەی کرد، بەپێی هەواڵگری ئەمەریکا، ئاژانسە هەواڵگرییەکانی تر و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئاستی پیتێندراوی گەیشتووەتە 60%، ئەم ئاستەی بۆ بەکارهێنانێکی بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی زۆرە، هاوکات دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە قووڵایەکی زۆر لە ژێر زەوی دروستکراوەن.
لە وەڵامدا مەسعود پزیشکیان گوتی: "ڕاستە، ڕەنگە ئێمە پێویستیمان بەو ڕێژەی 60% پیتاندن نەبێت، بەڵام ئێمە دەزانین باوەڕمان بە چییە و دەزانین بەدوای چیدا دەگەڕێین."