20 پەیامەکەی ئەمڕۆی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕایدەگەیەنێت، کوردستان "وڵاتی لێبوردەیی و یەکترقبووڵکردنە" و دووپاتیشی دەکاتەوە "ئەرکی هەموومانە کەلتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە زیاتر پتهو و دەوڵەمەند بکەین."
ئەمڕۆ شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە ئایینییە باڵاکانی کوردستان، کۆنفرانسێکی تایبەت بە یادی 1700 ساڵەی کۆمەڵەی نیقییە لە هەولێر بەڕێوەچوو.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا باسی لە بەیەکەوەژیانیی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە و ئاینییەکان؛ گرنگیدانی حکوومەت بە قوتابخانە و شوێنی پیرۆزی پێکهاتە و ئاینییەکان؛ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و چەندان پرسی دیکەی کرد.
گوتارەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە 20 دێری کورتدا خراوەتەڕوو:
1. خۆشحاڵم ئەم کۆنفرانسە گرنگە لە هەولێر، پایتەختی بەیەکەوەژیان، بەڕێوەدەچێت.
2. ئومێدەوارم، ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسەکە، کەلتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە بەهێزتر بکەن.
3. بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە تایبەتمەندییەکی گەشی کۆمەڵگەی کوردستانە.
4. ئەرکی هەموومانە کەلتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە زیاتر پتهو و دەوڵەمەند بکەین.
5. پێویستە مامۆستا و کەسایەتییە ئایینییەکان بەهاکانی خۆشەویستی و تەبایی قووڵتر بکەنەوە.
6. حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە چەسپاندنی زیاتری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە.
7. باوەڕێکی تەواومان بە پاراستنی فرەڕەنگی ئایینی و نەتەوەیی و کلتووری هەیە.
8. بەردەوامین لە پاڵپشتیکردنی زمانی سریانی کە زمانی حەزرەتی عیسای مەسیح بووە.
9. ئێستا 50 قوتابخانەی تایبەت بە زمانی سریانی لە هەرێمی کوردستان هەن.
10. ساڵی ڕابردوو یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە هەولێر بەڕێوەچوو.
11. بەمزووانە چوار کەنیسەی نوێ لە هەولێر و دهۆک دەکرێنەوە.
12. بەهاری ئەمساڵ یەکەمین ڕۆژی نزای نیشتمانی لە هەولێر ئەنجام درا.
13. هیودارم ڕۆژی نزای نیشتمانی بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی ببێتە نەریتێکی ساڵانە.
14. پێکهاتەکانی کوردستان بەیەکەوە ڕووبەڕووی ستەم و داگیرکاری بوونەتەوە.
15. ئەمڕۆ بەیەکەوەین بۆ بنیاتنانەوە و پێشخستنی نیشتمانەکەمان.
16. کوردستان هەمیشە مەڵبەندێکی درەوشاوەی ئاشتی و ئازادیی ئایینی و برایەتی دەبێت.
17. دوای دوو سێ ساڵ، هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەستیپێکردەوە.
18. ئەم ڕێککەوتنە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی دەستکەوتێکی گەورەیە.
19. سوپاسی ڕۆڵی گرنگی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکەم لە سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە.
20. هیوادارم ئەم ڕێککەوتنە ببێتە هۆکاری گەشەی ئابووری و خزمەتی هەموو وڵاتەکەمان بکات.