بۆچی کاتژمێر 06:00 بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دیاریکرابوو؟

لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی، کاتژمێر 06:00ـی بەیانی وەک کاتی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دیاری کرابوو.
دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە ڕاگرتنی، کاتژمێر 6:50 خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 27ی ئەیلوولی 2025، هەناردەکردنەوەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی نەوتی پێشابوورەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستی پێکردەوە و ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی کوردستان لەو بەندەرە بەبازاڕ دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، کێوان حەسەن، ڕاوێژکاری تەکنەلۆژیا، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کاتژمێر 06:00ـی بەیانی وەک کاتێکی ستاندارد بۆ دەستپێکردنی فرۆشتن و مامەڵەکردن بە نەوتی نێودەوڵەتی دیاریکراوە؛ ئەمەش بەهۆی دوو هۆکاری سەرەکییەوەیە کە پەیوەندییان بە یەکخستنی بازاڕە جیهانییەکان و سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانەوە هەیە.
1. کاتی فەرمیی بازاڕە جیهانییەکان
بە گوتەی کێوان حەسەن، بازاڕی نەوت، بەتایبەتی بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو (Futures) و گرێبەستەکان (Contracts) لە بۆرسەکانی وەک (NYMEX و ICE) سیستەمی کاتی هاوبەشیان هەیە بۆ هەموو مامەڵەکان. ئەم مامەڵانە زۆرجار لە کاتێکی دیاریکراودا دەستپێدەکەن، کە بە کاتژمێر 06:00ـی بەیانی بە کاتی نیویۆرک/لەندەن دادەنرێت بۆ دڵنیابوون لە یەکڕەویی و هاوسەنگی لە بازاڕدا. ئەم یەکخستنە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بازاڕەکان بە شێوەیەکی ڕێک و پێک کار بکەن لە سەرانسەری جیهاندا.
2. یەکسانکردنی سیستەمە ئەلیکترۆنییەکان و بانکەکان
ڕاوێژکارە تەکنەلۆژیاکە ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی ئەوەی مامەڵەکانی نەوت بە شێوەی ئەلیکترۆنی و سیستەماتیک ئەنجام دەدرێن، پێویستە کاتێکی یەکگرتوو بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان دیاری بکرێت. لەو کاتەدا، سیستەمە کۆمپیوتەرییەکان و بانکەکان لە یەک کاتدا دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی فرۆشتن و کڕین، ئەمەش گەرەنتی دەدات کە هەموو لایەنەکان لەسەر هەمان ئاستی کاتی کار دەکەن و کاریگەرییە گشتییەکانی بازاڕ بە یەکسانی بەسەر هەموواندا دابەش دەبێت. ئەم یەکخستنە سیستەمییە گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و دڵنیابوون لە خێرایی و وردبینی لە مامەڵە گەورەکانی نەوتدا.