ئەڵمانیا پەنابەرانی سووری و ئەفغانی دیپۆرت دەکاتەوە

ئەلێکساندەر دۆبرینت وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ئەڵمانیا داوای ڕێککەوتنێکی بەپەلە لەگەڵ سووریا دەکات بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سووریا، هەروەها پلانیشی هەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ کابول ئەفغانییەکان دیپۆرتبکاتەوە.

شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، ئەلێکساندەر دۆبرینت وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بە ڕۆژنامەی 'غاینیشە پۆست'ـی ئەڵمانی گوت: وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا باسی لەوەش کرد، ئەمساڵ دەمانەوێت لەگەڵ سووریا ڕێکبکەوین و سەرەتا بە دیپۆرتکردنەوەی تاوانباران دەستپێدەکەین، دواتر ئەوانەی مافی نیشتەجێبوونیان پێنەدراوە دیپۆرتیان دەکەینەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە جیاوازی بکرێت لەنێوان ئەو کەسانەی کە بەباشی تێکەڵاوبوون لەگەڵ کۆمەڵگە و بازاڕی کار، لەگەڵ ئەو کەسانەی کە مافی پەنابەرییان نییە و وابەستەی هاوکاری سۆشیاڵن.

لە ساڵی 2012 تا ئێستا ئەڵمانیا هیچ سووریەکی دیپۆرت نەکردووەتەوە، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە کە ژمارەی ئەو سوورییانەی خۆبەخشانە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان دوای نەمانی بەشار ئەسەد لە زیادبووندایە.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتەکە، تا کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ، هەزار و 867 کەس بە پارەی حکوومەتی ئەڵمانیا گەڕاونەتەوە سووریا.

لەدوای دەستبەکاربوونی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ساڵی 2021، ئەڵمانیا هیچ ئەفغانییەکی دیپۆرتی وڵاتەکانیان نەکردووە، جگە لە یەک کاروان نەبێت کە لە مانگی ئابی 2024دا 28 سزادراوی گواستەوە کابول.

 

 
Fly Erbil Advertisment